کوردستان

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت بە ڕادەستکردنی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پتەو بکات

08/09/2024

دەنگوباس
دۆسیەی دەستگیركردنی كەسێكی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سلێمانی و رادەستكردنەوەی بە دەسەڵاتدارانی ئێران، پرسیاری ئەوەی وروژاندووە، تاچەند پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یان سەردانەكەی مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

ماوەی چەند مانگێكە رێوشوێنی ئەمنیی لەنێوان بەغدادو تاران دەگیرێتەبەر، بەرامبەر حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێران، كە لە هەرێمی كوردستانن و لەوێوە چالاكییە سیاسیەكانیان ئەنجامدەدەن.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە بەیاننامەكدا ئاماژەی بەوەكردووە: یەكێك لە ئەندامەكانی دەستگیركراوەو رادەستی تاران كراوەتەوە، هاوكات رێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤیش رایگەیاندووە: دەستگیركراوەكە ئەندامی حزبی دیموكراتەو لەسلێمانی دەستگیركراوەو، دوای ئەشكەنجەدانی رادەستی تاران كراوەتەوە.

ئاژانسی میهری ئێرانی دەڵێت، هەموو ئەندامان و بنەماڵەی سێ لقی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی لقی ڕێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کەمپەکانیان لە سلێمانی لە ناوچەکانی زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە چۆڵ کرد و سەرجەم چەکە قورس و نیوەقورسەکان و ئامێری لۆجستیکی خۆیان ڕادەستی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.

سەرچاوە كوردییە ئاگادارەكان كە قسەیان بۆ ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) كردووە، بەدوریان زانیوە هێزەكانی ئاسایش بەخواستی خۆی ئەو دەستگیركراوەیان رادەستی ئێران كردبێتەوە، بەوپێیەی هەزاران كوردی ئێران لە هەرێمی كوردستانن و، هیچ كەسێكیان تائێستا داوای لەوشێوەیەی پێشكەش نەكردووە بۆ گەڕانەوە.

هەندێك لەسەرچاوەكان دەڵێن، ئەو هەنگاوەی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامیداوە، پەیوەستە بەخواستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، كە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكات و هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی دەدات لەگەڵ ئێران، بە ئومێدی ئەوەی پشتیوانی بكات.

هەندێكی ترشیان رادەستكردنەوەی ئەو كەسە دەبەستنەوە بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی ئێران بۆ بەغدادو هەولێرو، ئەو رێككەوتنە ئەمنیانەی كە لەنێوان تاران و بەغدادا واژوكراوە.