دهنگوباس:
بهگوێرهى نوێترین ڕاپرسى لهتوركیا، پارتى گهلى كۆماریى (جەهەپە) دهبێته حزبى یهكهمى توركیاو حزبهكهى ئهردۆغان پارتى دادو گهشهپێدان (ئاکپارتی) دادهبهزێت بۆ حزبى دووەمو پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ش دهنگهكانى وەکو خۆی ماوهتهوه.
کۆمپانیای سۆنار تایبهت بهڕاپرسیو لێکۆڵینەوە ئەنجامی ڕاپرسییەکی تایبهت بهخۆى بڵاوکردەوەو ئاماژهى بهوهكردووه، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 36.2٪ی دەنگەکان، یەکەمی تورکیایە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کۆمپانیای سۆنار وەکو ئەنجامی ڕاپرسیی مانگی ئاب بڵاویکردووەتەوە، دەنگەکانی ئاکپارتی دابەزیون، لەبەرامبەردا دەنگەکانی جەهەپە زیادیانکردووە، هاوكات پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پارێزگارییان لەدەنگەکانیان کردووە.
لەتورکیا کۆمپانیای سۆنار بەراورد بەکۆمپانیاکانی دیکە، ئەنجامی ڕاپرسییەکانی بەگرنگییەوە سەیر دەکرێت، بەتایبەتی کە ئەو کۆمپانیایە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانیو سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ئایاری 2023 بەڕێوەچوون، نزیکترین ئەنجامی، پێشبینیکردبوو.
بەگوێرەی ڕۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن گوشاری زۆر دەکاتو دەڵێت، دۆخی ئابووریی تورکیا باش نییەو دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
کۆمپانیای سۆنار ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی مانگی ئاب، 53.1٪ی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان تورکیا بچێتە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەوە، لەبەرامبەردا 40.7٪ی بەشداربووان هەڵبژاردنی پێشوەخت بەپێویست نازانن.
#تورکیا