کوردستان

ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ دژى هێرشكردنه‌سه‌ر ناوه‌ندى ڕۆشنگه‌رى چاودێر هاته‌ده‌نگ

05/09/2024

ده‌نگوباس:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆی نیشانده‌دات بەرامبەر چوونی هێزێکی ئەمنی بۆ سەر ئۆفیسی (ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر)و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تایبەت لەو شوێنە کە بنکەیەکی ڕۆشنبیریە دوورە لەبەکارهێانی ڕێکاری یاسایی‌و دادگاو مەدەنی‌و گونجاو نییەو ئەو مامەڵەیەش بەو جۆرە، پێشێلکاریی بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕۆشنبیریە".


دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نووسیویه‌تى:"بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنجەشەممە 5ی ئەیلولى 2024 بەگوێرەی زانیارییەکان لەسەر زمانی بەڕێز مه‌لا به‌ختیار سیاسەتمەدار کە بڵاویکردووه‌تەوە، هێزێکی دەزگای ئەمنی لەشاری سلێمانی چووەتە سەر ئۆفیسی (ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر)و دەستی بەسەر بارەگاکەو کەلوپەلەکاندا گرتووە کە لەهەمانکات ئۆفیسی تایبەتی ناوبراوە".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "دیارە هێزەکە بەناوی گەڕانەوەی ئەو شوێنە وەک موڵکی لایەنێکی دیاریکراو ئەوکارەیان کردووەو بەفەرمان چوونە، بەڵام چوون‌و بەکارهێنانی هێزی ئەمنی‌و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تایبەت لەو شوێنە کە بنکەیەکی ڕۆشنبیریە دوورە لەبەکارهێانی ڕێکاری یاسایی‌و دادگاو مەدەنی‌و گونجاو نییەو ئەو مامەڵەیەش بەو جۆرە، پێشێلکاریی بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕۆشنبیریە".

ده‌سته‌كه‌ داواشیكردووه‌، "ئێمه هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوەو پەلنەهاوێ بۆ کاردانەوەی ترو مافی کەسی‌و خاوەنی ئەو دەزگایەش پارێزراوبێت‌و هەمووانیش پابەندبن بەیاساوەو دادگا یەکلای بکاتەوە".


#باشووری کوردستان