کوردستان

ئه‌ندامێكى حزبى دیموكرات له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ ڕاده‌ستى ئێران ده‌كرێته‌وه‌

05/09/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیارییه‌ك، ئه‌ندامێكى حزبى دیموكراتى كوردستان ئێران له‌ناحیه‌یه‌كى نزیك له‌سلێمانى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشى یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌و ڕاسته‌وخۆ ڕاده‌ستى كۆمارى ئیسلامى ئێران كراوه‌ته‌وه‌، دوو سه‌رچاوه‌ى باڵا له‌حزبى دیموكرات له‌ڕێگه‌ى ده‌نگوباسه‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌ پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه‌و زانیاریى ئاشكراده‌كه‌ن.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست ده‌نگوباس كه‌وتوون، ئه‌ندامێكى حزبى دیموكرات به‌ناوى (بێهزاد خوسره‌وى) کە لەناحیه‌ى پیرەمەگرونى سه‌ر به‌پارێزگاى سلێمانی نیشته‌جێ بووه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشى یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌و ڕاسته‌وخۆ ڕاده‌ستى ئێران كراوه‌ته‌وه‌.

له‌و زانیاریانه‌ى ده‌ستكه‌وتوون، ئاسایشی یەکێتی پێشئه‌وه‌ى، بێهزاد خوسرەوی ڕاده‌ستى ئێران بكاته‌وه‌، ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كى زۆریشیانداوه‌و بەدایک‌و خوشکه‌كه‌شیان ڕاگه‌یاندووه‌، دەبێ بەزووترینکات سلێمانی به‌جێبهێڵن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دوو سه‌رچاوه‌ى باڵا له‌حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران هه‌واڵه‌كه‌يان بۆ ده‌نگوباس پشتڕاستكرده‌وه‌و ڕایانگه‌یاند، "دواى بیستنى ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌ستمان به‌به‌دواداچوونه‌كانمان كردو له‌ئه‌نجامدا بۆمان یه‌كلابووه‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕاسته‌و ئه‌ندامه‌كه‌مان له‌لایه‌ن ئاسایشى یه‌كێتیه‌وه‌ دواى ده‌ستگیركردنى ڕاده‌ستى كۆمارى ئیسلامى ئێران كراوه‌ته‌وه‌".

لاى خۆیشیه‌وه‌ مه‌زده‌ك ڕۆژهه‌ڵات چالاكوانى سیاسیى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كه‌ ئێستا له‌ئه‌وروپا ده‌ژى له‌فه‌یسبووكى خۆیه‌وه‌ سه‌ربارى ڕاگه‌یاندنى هه‌واڵه‌كه‌ هاوكات هێرشیكردووه‌ته‌سه‌ر حزبى دیموكرات‌و نووسیویه‌تى:"پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی بێهزاد خوسره‌وی لەلایەن ئاسایشی یه‌كێتیه‌وه‌ ڕاده‌ستى ئێران كراوه‌ته‌وه‌، حزبی دیموکرات بێدەنگی لێکردووە، بێده‌نگیكردنیش به‌واتاى ڕازیبوونى دۆخه‌كه‌ دێت، ئاسایشی یەکێتیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەوباره‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌".

ئه‌و داواى لەڕێکخراوەكانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى‌و مافه‌كانى مرۆڤ كردووه‌، به‌ر به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بگرن كه‌ وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت:"دژى كوردانى ڕۆژهه‌ڵات له‌باشوورى كوردستان ده‌ستى پێكردووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سنوورى ده‌سه‌ڵات‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستاندا".


#باشووری کوردستان