کوردستان

هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى موڵك‌و ماڵى مه‌لا به‌ختیار ده‌كرێت

05/09/2024

ده‌نگوباس:

زیاتر له‌ 24 كاتژمێره‌ هێزه‌كانى كۆماندۆى یه‌كێتى به‌فه‌رمانى ڕاسته‌وخۆى سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌، ده‌ستیان به‌جووڵه‌ كردووه‌ به‌ئامانجى وه‌رگرتنه‌وه‌ى بیناى هه‌موو ئه‌و ده‌زگاو دامه‌زراوانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن مه‌لا به‌ختیاره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیده‌كرێن‌و میدیاى یه‌كێتیش ده‌ڵێت:"باره‌گاى دامه‌زراوه‌ى چاودێر موڵكى یه‌كێتییه‌و ئێستاش لێپرسراوەکەی پەیوەندیی بەیەکێتییەوە نەماوەو لێى وەرگیراوەتەوە".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست ده‌نگوباس كه‌وتوون، ئێواره‌ى دوێنێ‌و نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ، هێزه‌كانى كۆماندۆی یەكێتیی به‌فه‌رمانى بافڵ تاڵه‌بانى هه‌وڵیانداوه‌ دەستبەسەر میوانخانەیەكی مەلا بەختیار لەقه‌زاى خانەقین-دا بگرن، به‌ڵام دواتر پاشه‌كشه‌ به‌هێزه‌كه‌ كرا.

سەرچاوەیەك لەنووسینگەی مەلا بەختیارەوە بۆ میدیاكان قسه‌یكردووه‌و وتوویه‌تى:"بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، هێزێكی كۆماندۆی یەكێتی چوونەتەسەر میوانخانەكەی مەلا بەختیار لەخانەقین‌و ویستوویانە كۆنتڕۆڵی بكەن، لەوكاتەدا هێزێكی پاسەوانی سەر بە مەلا بەختیار لەوێ بووەو نەیانهێشتووەو دواتر مەلا بەختیاریان لێ ئاگاداركردووه‌تەوە".

به‌وته‌ى سەرچاوەكە، هەموو هێزەكانی سەر بەمەلا بەختیار خراونەتە ئامادەباشییەوەو بەشێكیان ئێستا لەبەردەم (بنكەی رۆشنبیریی چاودێر)ن كە بنكەیەكی سەر بەمەلا بەختیارەو ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێك، به‌ڵام كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر هێزێكى زۆرى كۆماندۆ چووه‌ ناو بیناى ده‌زگاى چاودێرو كۆنترۆڵیان كرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ى دارایی یه‌كێتى ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و بینایه‌ى دامه‌زراوه‌ى چاودێرى تێدایه‌، موڵكى یه‌كێتییه‌و ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ش خاوه‌نه‌كه‌ى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌یه‌كێتیه‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ لێى وه‌رده‌گیرێته‌وه‌و بۆ حزبه‌ك ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش به‌شدار بازیانى ڕۆژنامەنووس لەسلێمانی بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو هێزێكی كۆماندۆ (كۆماندۆی یەكێتی) پلانیان هەبووە هەڵبکوتنە سەر ماڵ، بارەگاو میوانخانەکەی (مەلا بەختیار) لەخانەقین‌و داگیری بکەن!، مەلا بەختیار ”تووڕەبووەو هەڕەشەی هەڵوێستی توندی كردووە تا جیاكردنەوەی باڵێك لەیەكێتی ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت.


#باشووری کوردستان