راپۆرت و چاوپێکەوتن

لاهور شێخ جه‌نگى: من ده‌سه‌ڵاتم له‌باوكمه‌وه‌ بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وانه‌ى ئێستا نانى باوكیانه‌ ده‌یخۆن

04/09/2024

ده‌نگوباس:

لاهور شێخ جه‌نگى سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌ئامانج‌و تموحى گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵات ڕوو له‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌م، من كه‌مم نه‌كردووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ده‌سه‌ڵاتدان، من له‌باوكمه‌وه‌ بۆم نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ده‌سه‌ڵاتدان نانى باوكیانه‌ ده‌یخۆن"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وه‌ى له‌دواى هه‌شتى ته‌مموزه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت هیچكات من پێشتر نه‌چوومه‌ته‌ ژێر باریى‌و قبوڵم نه‌كردووه‌"، ئاشكراشیده‌كات، "قبوڵكردنى ئه‌و 45 كورسییه‌ى پارتى شانازیی پێوه‌ده‌كات، له‌دره‌نگانێكى شه‌ودا بافڵ تاڵه‌بانى‌و قوباد تاڵه‌بانى له‌سه‌ر سینیه‌كى زێڕ پێشكه‌شى پارتییان كرد ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانى ببێته‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت".


له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى ئاسمانى (زووم)، لاهور شێخ جه‌نگى سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل له‌سه‌ر زۆر پرسى سیاسیى‌و ئه‌منیى‌و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن قسه‌یكردو چه‌ند زانیارییه‌كى گرنگى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكرد.

سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌ باسكردن بوو له‌دواى ڕووداوه‌كانى هه‌شتى ته‌مموز، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل وتى:"ساڵ‌و نیوێك هاوسه‌رۆك بووم، ئێستاش وا سێ ساڵه‌ هاوسه‌رۆك نه‌ماوم، به‌ڵام ئه‌م سێ ساڵه‌ زۆر وانه‌ى جوان فێربووم، تێڕوانینى من بۆ زۆر بابه‌ت گۆڕاوه‌ له‌ڕوانگه‌یه‌كى دیكه‌وه‌ سه‌یرى كێشه‌كان ده‌كه‌م، خه‌ڵكانێكم ناسى چه‌ند له‌ناو یه‌كێتى بووم ئه‌و خه‌ڵكه‌م نه‌ناسیوه‌، بۆیه‌ ڕۆژ نییه‌ سوپاسى خوا نه‌كه‌م كه‌ ئه‌وكاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر هێنام‌و ئێستاش بووم به‌لاهورێكى دیكه‌".

وتیشى:"به‌داخه‌وه‌ دۆخێكى خراپ به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا هێنراوه‌، یه‌كێتى‌و پارتیش هۆكارن، چونكه‌ دواى 33 ساڵ‌و متمانه‌ى خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر هێناوین
ئه‌گه‌ر فریاى نه‌كه‌وین كاره‌ساتى زۆر ترسناك به‌ڕێوه‌یه‌و به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا دێت".

پێشیوابوو "ئه‌گه‌ر هۆكارى كێشه‌كان نه‌یاره‌كان بووایه‌، قورس ده‌بوو چاره‌سه‌ره‌كه‌ى، به‌ڵام مادام هۆكاره‌كان ناوخۆییه‌، چاره‌سه‌رى ئاسانتره‌، به‌تایبه‌ت كێشه‌ى دارایی‌و ئه‌منی له‌هه‌رێمى كوردستان".

سه‌باره‌ت به‌وكاتانه‌ى له‌ناو یه‌كێتى بووه‌و به‌كه‌سى یه‌كه‌مى یه‌كێتى ناوده‌برێت، لاهور شێخ جه‌نگى جه‌ختیكرده‌وه‌، "من كه‌سى یه‌كه‌م نه‌بووم، من نیوه‌ى كه‌سى یه‌كه‌م بووم، چونكه‌ هاوسه‌رۆك بووم، زۆربه‌ى ئه‌و كێشه‌ ئه‌منیانه‌ى ڕووبه‌ڕووى من ده‌بوه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌بوو كاره‌كه‌ى من ئه‌منى بوو، هه‌میشه‌ ڕێگه‌م گرتووه‌ له‌كارى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى وڵاتانى ئیقلیمى‌و نه‌مهێشتووه‌ جێبه‌جێى بكه‌ن، بۆیه‌ بوومه‌ دوژمن لاى وڵاتانى هه‌رێمیى".

سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى، لاهور شێج جه‌نگى وتى:"پێشتر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم نه‌بوو له‌گه‌ڵ پارتى‌و نه‌یارى سه‌رسه‌ختى پارتى بووم، هه‌رچیش ببوایه‌ كێشه‌كان هه‌مووى ده‌خرانه‌ ئه‌ستۆى من، بۆیه‌ ئێستا قۆناغێكى دیكه‌یه‌و به‌شتێكى ئاسایی ده‌زانم به‌په‌یوه‌ندییه‌كانمدا بچمه‌وه‌، جه‌ختیشده‌كه‌مه‌وه‌، زۆر ئاساییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌ندروستم له‌گه‌ڵ هه‌مووان‌و ته‌نانه‌ت وڵاتانى ئیقلیمى وه‌كو ئێران‌و توركیاش هه‌بێت، به‌ڵام بۆخۆم نا، به‌ڵكو بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌له‌كه‌م".

له‌باره‌ى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ش كه‌ لێى ده‌گیرێن گوایه‌ هێزێكى زۆرى له‌گه‌ڵدایه‌، سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل نه‌یشارده‌وه‌، "ئێستا هێزى زۆر زیاترم له‌گه‌ڵه‌ له‌وكاته‌ى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى بووم، له‌ڕاستیدا من وه‌كو خۆم وه‌كو لاهور حه‌زم به‌هێز نه‌بووه‌و نییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، مه‌نتقى هێز حوكم ده‌كات له‌كوردستان، بۆیه‌ به‌ڵێ منیش هێزم هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به‌هێز حوكم بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت بزانن هێزێكى دیكه‌ش هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌كه‌یان ده‌خوێنێت".

سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ش كه‌ ده‌وترێت هه‌موو ژیانى لاهور شێخ جه‌نگى له‌ئه‌وروپا بووه‌و له‌كوردستان نه‌ژیاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌ڵامه‌كه‌ى توندبوو وتى:"لاهور شێخ جه‌نگى به‌هه‌موو ژیانى ته‌نها نۆ ساڵ له‌ئه‌وروپا ژیاوه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌موو ژیانم هه‌ر له‌شاخ‌و ئاواره‌ییدا به‌سه‌ربردووه‌، من كه‌مم نه‌كردووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ده‌سه‌ڵاتدان، من له‌باوكمه‌وه‌ بۆم نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ده‌سه‌ڵاتدان نانى باوكیانه‌ ده‌یخۆن".

له‌باره‌ى بێده‌نگیه‌كانیشى دواى ڕووداوه‌كانى هه‌شتى ته‌مموز، سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ڕوونیكرده‌وه‌، "من ئاماده‌نه‌بووم له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ى خۆم هیچ كه‌سێك به‌كوشت بده‌م، من ویستم یاسا سه‌روه‌ربێت، ئێستاش جه‌ختده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، ئاماده‌نه‌بووم ده‌ستم بچێته‌ خوێنى كه‌س له‌سه‌ر پۆستی خۆم، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون ده‌ستیان چووه‌ خوێنى گه‌نجى ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ر پۆست‌و كورسییه‌كانیان".

ئاماژه‌ى به‌و دۆخه‌ى ئێستا كرد كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌گوزه‌رێت، له‌و ڕووه‌وه‌ ئاشكرایكرد، "له‌دره‌نگانى شه‌ودا كاك بافڵ‌و كاك قوباد له‌سه‌ر سینیه‌كى زێڕین، 45 كورسیه‌كه‌یان پێشكه‌شى پارتى كرد له‌پێناو ئه‌وه‌ى كاك قوباد بكرێته‌ جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وكات من دژى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بووم، من جه‌ختمكرده‌وه‌ نابێت ئه‌و ئه‌نجامه‌ى هه‌ڵبژاردن قبوڵ بكرێت".

له‌باره‌ى په‌یامێكى پێشتریه‌وه‌ كه‌ ڕایگه‌یاندبوو، لیستیان نابێت بۆ هه‌ڵبژاردن، لاهور شێخ جه‌نگى ڕوونكردنه‌وه‌یداو وتى:"پاكبوونه‌وه‌ى لیستى ده‌نگده‌ران‌و نه‌مانى 11 كورسیه‌كه‌ى كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان‌و سه‌رپه‌رشتیكردنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئه‌مانه‌ هۆكاربوون بۆ ئه‌وه‌ى من به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌م‌و له‌و بڕیاره‌ى پێشترم په‌شیمان ببمه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئێستا هیچ شتێك له‌ده‌ستى ئه‌م دوو حزبه‌دا نه‌ماوه‌".

باسى له‌به‌ره‌ى گه‌ل كرد وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كى حزبى‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، "من نامه‌وێت وه‌ك ئه‌و حزبانه‌ بم كه‌ ته‌قلیدین‌و بوونه‌ته‌ بارگرانیى به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ى ئێمه‌ له‌به‌ره‌ى گه‌ل زۆر له‌حزب گه‌وره‌تره‌، من پڕۆژه‌یه‌كم بۆ یه‌كگرتنى كورد له‌كه‌ركووك ڕاگه‌یاند به‌قسه‌یان نه‌كردم‌و دواجاریش بینیمان چى ڕوویدا، دڵمان به‌وه‌ خۆش نه‌بێ پارێزگارێكى كوردمان هه‌یه‌، له‌ئاینده‌دا ده‌بینین چ كاره‌ساتێك به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ له‌وشاره‌".

بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌وترێت لاهور شێخ جه‌نگى به‌هه‌مان ئه‌زموونى نه‌وشیروان مسته‌فاو د.به‌رهه‌م ساڵحدا تێده‌په‌ڕێت، سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ئه‌وه‌ى وت:"شانازیى به‌هه‌موو مێژووه‌كه‌ى خۆم ده‌كه‌م له‌ناو یه‌كێتى نیشتمانى كورستان‌و ناتوانم ده‌ستبه‌رداریى مێژووه‌كه‌ى خۆم بم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتى له‌ڕێڕه‌وى خۆیى‌و له‌به‌ره‌ى گه‌ل لایدا، دواتر شێوازى هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م‌و كاك نه‌وشیروان جیاوازبوو، ئه‌وان خۆیان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وان نائومێدبوون‌و پێیانوابوو ناتوانن گۆڕانكاریی له‌ناو یه‌كێتیدا بكه‌ن، بیرتان نه‌چێت، له‌ 73%ى خه‌ڵك نه‌چوون بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ واتاى ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك‌و میلله‌ت بڕواى به‌یه‌كێتى‌و پارتى نه‌ماوه‌".

سه‌باره‌ت به‌و ئامانجانه‌ى به‌ره‌ى گه‌ل خه‌باتیان بۆ ده‌كات دواى سه‌ركه‌وتنى له‌هه‌ڵبژاردن، لاهور شێخ جه‌نگى ئاشكرایكرد، "عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى، به‌رقه‌راركردنى ئاسایش بۆ هاوڵاتیان، قوتى خه‌ڵك‌و ژیانى خه‌ڵك، ئه‌م سێ چه‌مكه‌ له‌سه‌ره‌كیترین كاره‌كانمان ده‌بێت كه‌ كاریان له‌سه‌رده‌كه‌ین، به‌ڵام بابه‌تێك هه‌یه‌ پێمخۆشه‌ نه‌یشارمه‌وه‌، من هاتووم ده‌سه‌ڵات بگرمه‌ ده‌ست‌و تموحى من ئه‌وه‌یه‌، بارودۆخه‌كه‌ش وا ده‌خوازێت كه‌ هێزێكى تر حوكمڕانى ئه‌م وڵاته‌ بكات".

باسى هۆكاره‌كانى 8ى ته‌مموزى ئاشكراكردو وتى:"جموجوڵه‌كانم وایكرد ترس لاى هه‌ندێك خه‌ڵكى یه‌كێتى دروستبكات، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌ ڕوویدا كه‌ بینیمان، شتێكى دیكه‌ش هه‌یه‌ با هه‌موو میلله‌ت بزانێت، هه‌ندێك لایه‌ن له‌هه‌رێم هه‌وڵیانداوه‌ لایه‌نى ئیقلیمى بهێنن‌و ته‌زویریان بۆ بكات له‌هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام تائێستا نه‌هاتوونه‌ته‌ ژێر بار، له‌به‌غداش په‌یوه‌ندیی لایه‌نه‌كان وه‌كو پێشتر به‌یه‌كێتى‌و پارتیه‌وه‌ نه‌ماوه‌".

"په‌یوه‌ندییم به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان‌و خه‌ڵكانى جیاواز جیاوازه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌ناو هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خه‌ڵكم هه‌یه‌و پشتیوانیم هه‌یه‌، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌شى له‌گۆڕان نیگه‌رانبوون په‌یوه‌ندییان به‌منه‌وه‌ كردووه‌، له‌ناو یه‌كێتیش كاتێك زانییان غه‌درم لێكراوه‌ په‌یوه‌ندییان به‌منه‌وه‌ كردووه‌و منیش تموحم ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و 73%یه‌ى نه‌چوون بۆ ده‌نگدان بیانگێڕمه‌وه‌و ده‌نگ به‌به‌ره‌ى گه‌ل بده‌ن"، ئه‌مه‌ش به‌شێكى دیكه‌یه‌ له‌قسه‌كانى لاهور شێخ جه‌نگى.


#لاهور شێخ جەنگی