رۆژهەڵاتی ناوەراست

سه‌باره‌ت به‌ڕێگرییه‌كانى به‌رده‌م كۆچبه‌رانى سوریى سوپاى لوبنان‌و قوبرس تۆمه‌تبارده‌كرێن

04/09/2024

ده‌نگوباس:

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، سوپای لوبنان‌و دەسەڵاتدارانی قوبرسی تۆمەتبارکرد بەوەی، پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لەگەیشتنی پەنابەرانی سووریا بۆ ئەوروپا، یان دیپۆرتکردنەوەیان بۆ سووریا.


ڕێکخراوه‌كه‌ بەیاننامەیەکى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نووسیویه‌تى:"سوپای لوبنان ڕێگرییان لەپەنابەرە سوورییەکان کردووە کە دەیانویست بەبەلەم بڕۆن‌و لەوڵاتەکە هەڵبێن، دواتر دەستبەجێ دیپۆرتیانکردوونەتەوە بۆ سووریا، پاسەوانی کەناراوەکان‌و هێزە ئەمنییەکانی قوبرسیش ئەو سوورییانەی کە بەبەلەم گەیشبوونە قوبرس ڕاستەوخۆ ڕەوانەی لوبنانیان كردوونه‌ته‌وه‌و ئەوانیش بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ شتێک، پەنابەرەکانیان دیپۆرتی سووریا کردووه‌ته‌وه‌".

هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌ى هیومان ڕایتس وۆچ-دا هاتووه‌، "سوپای لوبنان زۆرێک لەوکەسانەی ڕەوانەی سووریا کردەوە کە لەلایەن قوبرسەوە گەڕێندرابوونەوە لوبنان".

 لوبنان خۆی نوقمی قەیرانە ئابوورییەکان بووە، هەروەها ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە چوار ملیۆن کەسە، کە نزیکەی دوو ملیۆن پەنابری سووری لەو وڵاتە نیشتەجی بوون، کە کەمتر لە 800 هەزاریان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، هاوكات دوورگەی قوبرس-یش کە کەمتر لە 200 کیلۆمەتر لەکەناراوەکانی لوبنان‌و سووریاوە دوورە، هەمیشە وێستگەیەکی گرنگ بووە بۆ ئەو پەنابەرانەی بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن لەئەورووپا.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست