شاڵاوی کۆسرەت رەسول وتارێکی پێویست و گرنگی لە کوردستانی نوێ نوسیوە. واتا، ئەو وتارە تەعبیرە لە سیاسەتی یەکێتییش.
من لای خۆمەوە، بەتەواوی هاوڕای شاڵاوم، بەسەداسەد وتارەکەی گرنگییەکی ئابوریی هەیە کە من پێشتریش باسم لە هەڕەشەی هەژماری من کردوە کە دیارە بەتایبەتکردنی سیستەمی بانک بەشێکی سیاسەتی دارایی نیۆلیبرالیزمە.
لە کۆتایی وتارەکەدا شاڵاو دەنوسێت: <<ئێمە تێبینی و رەخنەمان لە (هەژماری من) لە ئەهلیکردن یاخود قۆرغکردنیەتی بۆ چەند بانکێکی تایبەت نەک بە نیشتمانیکردن و خۆماڵیکردنی.>>
دو چەمکی قوڵ بەکاردەهێنێت <<بەنیشتیمانیکردن و خۆماڵیکردن>>. ئینجا دەشنوسێ کە <<بانکێکی نیشتیمانی>> چارەسەرە.
تا ئێرە ئەوپەڕی جێی خۆشحاڵییە کە یەکێتی هەندێک سیاسەتی سۆشیەڵ دیموکراسییانە پێشبخات. بەڵام ئایا ئەوە سیاسەتی یەکێتییە یا وتارێکی شاڵاویە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن؟ دیارە جەماوەری یەکێتی و تەنانەت جەماوەری پارتیش، بانکێکی نیشتیمانییان دەوێ نەک بانکێک نوخبەی دەوڵەمەند و سەرمایەداری بنەماڵە دەستڕۆییشتوەکانی یەکێتی و پارتی و هاوبەشەکانی بزنسیان.
بەڵام، بۆ ئەوەی ئەو وتارە و لێدوانەکانی دیکەی یەکێتی مانایەکیان هەبێ، پێویستە یەکێتی و شاڵاو دو شت بکەن:
- یەکێتی پێویستە پرسی بە نیشتیمانیکردن و خۆماڵیکردن تەنها لەو پرسانەدا کورت نەکاتەوە کە بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و بنەماڵە دەستڕۆییشتوەکانی یەکێتی تێدا نەپارێزراون، وەک پڕۆژەی هەژماری من کە دیارە مەسرور بارزانی باش دەزانێت بۆچی هێندە جەخت لە هەژماری من دەکاتەوە کە پڕۆژەیەکە بانکەکانی نزیک مەسرور بارزانی و پارتی تێیدا براوە دەبن. بەڵکو، یەکێتی و شاڵاو پێویستە رایبگەیەنن کە چیتر حکومەت بچوک ناکەنەوە لە بەرانبەر کەرتی تایبەتدا. بەتایبەتکردنی کەرتی گشتی لەناو یەکێتیدا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پارتی لە بەتایبەتکردنی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بگرە بۆ پڕۆژەی ئارد و نەوت و گاز و هتد... ئەو قسانەی شاڵاو و یەکێتی -بێگومان ئەگەر قسەی یەکێتیشن- کاتێک مانایەکیان دەبێت کە پشتیوانییان بۆ <<خۆماڵیکردن و بەنیشتیمانیکردن>> تەنها دژ بە بەرژەوەندییەکانی مەسرور بارزانی نەبێ، بەڵکو لە خۆشیانەوە دەستپێبکەن.
- شاڵاو ناتوانێت ئیدیعای بەنیشتیمانیکردن و خۆماڵیکردن بکات کاتێک یەکێتی بێویژدانانە کەرتی گشتی دەکوژێ و کەرتی تایبەت لەسەر حیسابی کەرتی گشتی پێش دەخات -قسەکانی من بە دژایەتی کەرتی تایبەت لە یەک مەدەنەوە، قسەکانی من تەنها دژایەتیکردن و کوشتنی کەرتی گشتییە لەپێناوی کەرتی تایبەت ئەگەرنا من لە گرنگیی کەرتی تایبەت تێدەگەم و پشتیوانی هەبونیم-. شاڵاو وتارەکەی بەوە پڕ مانا دەبێت باسی تەندروستی و پەروەردەش بکا، باسی کارەبا و ئاویش بکا، باسی نەوت و گازیش بکا، باسی پاڵاوگەکانیش بکا، چونکە ئەو پڕۆژانە بەشێکیان لەسەر بودجەی گشتیی دروستکراون و یەکێتی و پارتی و بنەماڵە دەستڕۆییشتوەکان دەستیان بەسەردا گرتون. بۆ نمونە ئیشی کۆسرەت رەسول عەلی و یەکێتی نەبو نەخۆشخانەی پاڕ لەسەر بودجەی گشتیی دروستبکەن، ئیشیانە شەڕ بۆ چاککردنی رەوشی تەندروستیی بکەن.
بەڵام هەرچۆنێک بێ، ئەو وتار و پرسی <<خۆماڵیکردن و بەنیشتیمانیکردن>> دەبێ ببێتە چەقی ململانێی ئەو سیاسەتمەدار و حیزبانەی دەیانەوێ خزمەتی خەڵک بکەن لە بەرانبەر ئەو سیاسەتمەدار و حیزبانەی دەیانەوێ خزمەتی سیاسەتی چەتەگەرایی کوشتنی کەرتی گشتی بۆ خزمەتی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بکەن کە دیوە هەرە ماڵوێرانکەرەکەی سەرمایەدارییە، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکی وەکو هەرێمی کوردستان کە کۆمەڵگایەکی هەرەوەزی بوە و سەرچاوەی بودجەی گشتیشی سەرچاوە سروشتییەکانەوەیە.
بەڵێ بۆ رزگارکردنی کەرتی گشتی و خۆماڵیکردن و نیشتیمانیکردنی ئەوەی دزراوە کە ئەوە لە خزمەتی خەڵکی کوردستانە.