دەنگوباس
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، وردبینى لە پسوڵەى خۆراکى هاوڵاتیانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەن و دەشڵێت: ناوی دووبارە لە پسووڵەی خۆراکی هەرێمى کوردستاندا هەیە.
تاڵب حەسەن نعمە، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى رایگەیاند، "وەزارەتەکەیان ئامادەکاریی دەکات بۆ پێداچوونەوە بە داتاکانی 39 ملیۆن و 700 هاوڵاتیی عێراق کە سوودمەندن لە پسووڵەی خۆراک".
ئاماژەى بەوەشکردووە، "پرۆسەى وردبینییەکە لەرێگای سیستمی زیرەکی دەستکرد بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی تایبەتەوە کە گرێبەستی لەگەڵ واژووکراوە، لە رێگای بەراوردکردنی پەنجەمۆر و وێنەی کەسی و ژمارەی خێزان و کارتی نیشتمانییەوە ئەنجامدەدرێت".
لەبارەى پسوڵەى خۆراکى هەرێمى کوردستانیشەوە، تاڵب حەسەن نعمە، وتى، "پرۆسەى وردبینییەکە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ناوی دووبارە، ناوی مردووان و ئەو کەسانەی کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە لەناو پسووڵەی خۆراکدا هەیە".
دەشڵێت: "لە رێگەى ئەو وردبینیەوە خەرجییەکانی ئەو خۆراکانەی لە رێگای پسووڵەی خۆراکەوە بە هاوڵاتییان دەدرێت کەمدەبێتەوە".