کوردستان

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ هەژماری من رەتدەکاتەوە لەکاتێکدا بیرۆکەی قوباد تاڵەبانی بووە

04/09/2024

دەنگوباس
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە زنجیرەیەک وتاردا کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادەی کردووە، پرۆژە پێشنیازێک بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتەڕوو و هەژماری منیش رەتدەکاتەوە.

لەمیانی وتارێکی لەژێر ناونیشانی (هەژماری من وەک صەرافێک… دروستکردنی بانکێکی نیشتمانی چارەسەرە) کە لە ژمارە (٩٢٤٦)ی ئەمڕۆی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ نووسیویەتی : (پێمان وایە کە چارەسەری بنەڕەتی و گونجاو بۆ ئەم کێشەیە بریتی ئەبێت لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی شامل و گشتگیر بۆ دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان).

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ دەڵێت (بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردنی سیستەمی بانکی و نەخێر بۆ پشتیوانیکردنی بانکە ئەهلییەکان لەڕێی (هەژماری من)وە).

لە وتارەکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ رەخنەی لە هەژماری من گرتووەو ئەو پێداگریەی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پرۆسەیە لە خزمەتی بانکە ئەهلییەکان بەخراپ دەبینێت و دەنووسێت: (ئێمە تێبینی و رەخنەمان لە هەژماری من لە ئەهلی کردن یاخود قۆرخ کردنیەتی بۆ چەند بانکێکی تایبەت نەک بە نیشتیمانی کردن و خۆماڵی کردنی).

ئەوەش لەکاتێکدایە هەژماری من بیرۆکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە، لەماوەی ڕابردووشدا نوسینگەی ناوبراو پشتیوانیی بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیاند و فشاریان لە فەرمانبەران دەکرد، هەژماری من دروست بکەن. هەر بۆیە ئەوە بە یەکێك لە ناکۆکیەکانی ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ و قوباد تاڵەبانی دادەنرێت.