راپۆرت و چاوپێکەوتن

سه‌رباریى بێده‌نگى له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكاریه‌كانى توركیا، به‌رپرسانى كورد ماراسۆنى پێشوازیشیان له‌توركه‌كان ده‌ستپێكردووه‌

03/09/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌و وڵاته‌ى له‌سه‌ر قسه‌كردن به‌زمانى كوردى گه‌نجه‌كانى هه‌رێم ده‌كوژێت، به‌رده‌وامیش فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى ته‌راتێنێتى‌و له‌24 كاتژمێردا 25 جار هێرشیكردووه‌ته‌سه‌ر ده‌وروبه‌رى پارێزگاكانى (سلێمانى، هه‌ولێرو دهۆك)، به‌ڵام هه‌م حكومه‌ت‌و هه‌میش به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بێده‌نگیان له‌ئاست ئه‌و پرسانه‌ هه‌ڵبژاردووه‌، كێبڕكێش ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پێشوازیكردن له‌به‌رپرسه‌ باڵاكانى ئه‌نكه‌ره‌ له‌هه‌ولێر.



فڕۆكه‌كانى توركیا له‌باشوورى كوردستان ته‌راتێنیانه‌و له‌24 كاتژمێرى ڕابردوودا 25 جار هه‌رێمى كوردستانیان بۆردومانكردوه‌و سه‌ر له‌ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش هاوڵاتیه‌كى سنوورى ئیداره‌ى سۆران شه‌هیدبوو، ئه‌مه‌ سه‌ربارى هێرشى نه‌ژادپه‌رستانه‌ له‌شاره‌كانى توركیا بۆسه‌ر هاوڵاتیانى هه‌رێم ته‌نها به‌هۆى قسه‌كردنیان به‌زمانى كوردیى، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم‌و به‌رپرسانى باڵاى ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌مڕۆش كێبڕكێیان بوو له‌سه‌ر له‌پێشوازیكردن له‌به‌رپرسانى باڵاى توركیا له‌عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان.



کامەران عوسمان بەرپرسی دێسکى مافى مرۆڤى ڕێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی ڕایگەیاند، له‌دره‌نگانى شەوی دووشەممەوه‌ تاوه‌كو سه‌رله‌ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، سوپای تورکیا بەشێوەیەکی زنجیرەیی‌و بەفڕۆکەی جەنگی، 24جار بۆردومانی ژمارەیەک ناوچەی لەپارێزگاکانی دهۆک، هەولێرو سلێمانی کرد".

سه‌ر له‌ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش به‌هۆى بۆردوومانێكى چڕى توركیاوه‌، هاوڵاتیه‌ك له‌سنوورى سیده‌كان به‌ناوی بەدیع کەمال محەممەد كه‌ لەدایکبووی ساڵی 1995 شه‌هیدبوو.
 
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سى پى تى ئه‌مریكى ئاشكرایكردووه‌، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13 هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانیی هێرش‌و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، بەشێوەیەک کە 11 هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدبوون‌و دوو هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون‌و شه‌ش لەقوربانییەکانیش لەسنووری سیدەکانن.

سه‌ربارى ئه‌م په‌لاماره‌ به‌رده‌وامانه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له‌مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى‌و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم‌و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم، له‌سێ كاتى جیاوازدا له‌گه‌ڵ ئانیل بورا ئینان باڵیۆزی نوێی توركیا لەعێراق كۆبوونه‌وه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌و وێنانه‌ى بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ته‌نها باڵیۆزه‌كه‌ قسه‌ده‌كات‌و به‌رپرسانى هه‌رێم وه‌كو ته‌ماشاكارێك ده‌ركه‌وتوون.



شه‌وى چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو، گه‌نجێكى هه‌رێمى كوردستان له‌شارى ئیستانبوڵى توركیا درایه‌ به‌ر چه‌قۆو ده‌ستبه‌جێ گیانى له‌ده‌ستدا، كه‌سوكاره‌كه‌شى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، كوڕه‌كه‌یان ته‌نها له‌سه‌ر قسه‌كردن به‌زمانى كوردى كوژراوه‌.


#باشووری کوردستان