کوردستان

ژماره‌یه‌ك مامۆستاى كورد له‌دادگاى فیدراڵى سكاڵا له‌سه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تى دارایی تۆمارده‌كه‌ن

03/09/2024

ده‌نگوباس:

هەشت مامۆستاى خوێندنى کوردى لەکەرکووک سکاڵا لەدژى سەرۆک وەزیرانى عێراق‌و وەزارەتى دارایی فیدراڵ تۆماردەکەن‌و داوادەکەن بخرێنەسەر وەزارەتى پەروەردەى عێراق.

 
ئەو هەشت مامۆستایە ئەمڕۆ سێشەممە 3ى ئەیلوول، چوونە بەغداو لەدادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاکەیان تۆمارکردووە.
 
لوقمان ڕۆستەم یەکێکە لەسکاڵاکاران له‌ڕێگه‌ى میدیاى پارتیه‌وه‌ وتوویه‌تى:"داوامانکردووە خاڵێکى کارنامەى حکومەتى ئێستا جێبەجێ بکرێت کە تایبەتە بەگواستنەوەى مامۆستاو فەرمانبەرانى خوێندنى کوردى بۆ سەر وەزارەتى پەروه‌رده‌ى عێراق".
 
زیاتر لەحه‌وت هه‌زارو 500 مامۆستاو فەرمانبەرى بەشى خوێندنى کوردى لەکەرکووک هەن کە مووچەیان لەلایەن وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەدرێت.
 
لەماددەى 21ى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سودانیدا هاتووە، "سەرجەم قوتابخانەکانى خوێندنى کوردى لەدەرەوەى هەرێم ببەسترێنەوە بەبەڕێوەبەرایەتیى گشتیی خوێندنى کوردى لەوەزارەتى پەروەردەی فیدڕاڵ‌و سەرجەم کارمەندو مامۆستاکانیان بگوێزرێنەوەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە".
 
بۆ ئه‌وه‌ش لوقمان ڕۆستەم ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئەوەى زیاتر هانیداین سکاڵاکە تۆماربکەین، ئەو تێبینییانەبوون کە تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێم لەناوچەکانى مادەى 140 هەیبووە".
 
یەکێک لەتێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، لەسەر وردبینى لیستى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستان ئەوەبووە کە ژمارەیەک فەرمانبەریان هەیە لەکەرکووک‌و ناوچە کوردستانییەکانى دیکەو وەکو "لادان" هەژمارى کردووە.


#باشووری کوردستان