راپۆرت و چاوپێکەوتن

پارتی و یەکێتی لەسەر هێرشی میدیایی بۆسەر یەکتر ڕێکدەکەون

01/09/2024

دەنگوباس
کەمتر لە دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ماوە، بەڵام بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە چەند مانگێکە هەڵمەتی توندی میدیایی بەرامبەر یەکتر دەستیپێکردووە و لە هەردوو ساڵیادی 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەریشدا دەگاتە لوتکە.


شەڕی میدیایی پارتی و یەکێتی پێشوەخت ڕێکەوتنی لەسەر کراوە کە بە چ شێوەیەک و تا چ سنورێک هەریەکەیان دەتوانن هێرشبکەنەسەر یەکتر، ئەوەش لەپێناو نیشاندانی ئەوە بە لایەنگر و ئەندامەکانیان، کە ئەو دوو حزبە ناکۆیی و کێشەیان هەیە. بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی کێشەی هەیە دەنگدەر و ئەندامە ئاساییەکانی ئەو دوو حزبەیە، نەك سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە ئەوان لە پەیوەندیی بەردەوامدان و وەك سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی هیچ کێشەیەکیان نییە. 

ئێستا کە هەرێمی کوردستان بەدەست دەیان قەیرانی قورسەوە دەناڵێنێت، ئەو دوو حزبە لەجیاتی پرسی خزمەتگوزاریی و خزمەتکردنی خەڵک، سەرقاڵی کولاندنەوەی برینەکانی ڕابردوون، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی دەنگدەرەکانیان متمانەیان بە حزبەکەیان نەماوە بە نمونەی ئەوەی لەو دوو ساڵیادەی پارتی و یەکێتی تیایدا هێرش دەکەنەسەر یەکتر، جگە لە میدیاکانیان و ژمارەیەکی سنوردار لە لایەنگرەکانیان زۆرینەی خەڵکی کوردستان بابەتەکەیان بۆ گرنگ نییە و بەرامبەر ئەو دوو حزبە هەڵوێستیان وەرگرتووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی 31ی ئاب، هەموو ساڵێك یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بۆ هێرشی میدیایی بۆسەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە دەکات، بەشێوەیەك کە ئەگەر بیانییەك ئەو هێرشە میدیاییانە ببینێت ڕەنگە بڵێت، ئەم دوو حزبە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ یەکدا لە شەڕدان و ناکۆکن، بەڵام نازانێت هەم لە حکومەت هاوبەش و هاو ڕێگەن، هەم لە دەرەوەی حکومەتیش بازرگانیی هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێتەوە.

لە ساڵیادی 31ی ئابدا میدیای یەکێتی دەست بە هێرشی یەکەمی ساڵ بۆ سەر پارتی دەکات و ئەو حزبە بە "خائین" بەرامبەر خەڵکی کوردستان ناودەبات، دوای 46 ڕۆژیش لەو بەروارە، پارتی هێرشی دووەمی ساڵ لە 16ی ئۆکتۆبەر بۆسەر یەکێتی ئەنجامدەدات و ئەو حزبە بە "خائین" وەسفدەکات. بەر لە 31ی ئابیش 

ڕووداوی 31ی ئاب بە ڕێکەوتن و بڕیاری ڕاستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگوباس، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیەوە فەرمان بە میدیای یەکێتی کراوە، لە باسکردنی ساڵیادی 31ی ئابدا "بە هیچ شێوەیەک باسی مەسعود بارزانی نەکرێت و ناوی نەهێندرێت" ئەوەش بەهۆی ئەوەی وەك وتەبێژی یەکێتی دەڵێت "کاک مەسعود و بافڵ و قوباد تاڵەبانی مام و برازان".

ڕەنگە هەرێمی کوردستان تاکە جێگەی جیهان بێت کە ساڵیادە تاڵ و کارەساتبارەکان وەك ساڵیادی زیندوو، هەروەها دەستکەوت ناوبهێندرێتەوە و بە شانازییەوە بدرێتەوە بە خەڵکی کوردستان.

هەڵمەتی لێدوانی توندی میدیایی پارتی و یەکێتی بەرامبەر یەکتر لە کاتێکدایە، مەسرور بارزانی کە کەسی دووەمی پارتییە، قوباد تاڵەبانیش کە کەسی دووەمی یەکێتییە، لە حکومەتیشدا کەسی یەکەم و دووەمن، ڕەنگە ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پێکەوە ببینرێن تەوقە بکەن و ئەملاو ئەولای یەکیش ماچ بکەن، لەو نێوانەشدا شەڕی ڕاگەیاندن و قسەی توندیش بۆ لایەنگرەکانیان دەمێنێتەوە.

ئێستا کە کەمتر لە دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە، هەڵمەتی ڕاگەیاندنی ئەو دوو حزبە بۆسەر یەکتر توندتر دەبێتەوە، ڕاستەوخۆ هەر دوای هەڵبژاردنیش هەردوو حزبەکە لەسەر یەک مێز بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە، ئەو حزبەی یەکێتی بە هێنانی بەعس بۆسەر خاکی کوردستان تۆمەتباری دەکات، داوای پێکهێنانی حکومەتی لێدەکات، ئەو حزبەش کە پارتی بە خائین و بەدەستەوەدانی کەرکووک تۆمەتباری دەکات، داوای لێدەکات لە حکومەتدا بەشداربێت.

تۆمەتبارکردنی یەکتری ئەو دوو حزبە بەخیانەت ڕەنگە سەیروسەمەرەترین دۆسیەی مێژوو بێت، چونکە ساڵانە یەکتر بەو بابەتە تۆمەتبار دەکەن و داواکاری گشتی و دادگاکانی هەرێمیش کە بڕیارە دەستێکی پۆڵاین بن دژی خیانەتی نیشتمانیی، وەك هاووڵاتیان بینەر و تەماشاکەری ئەو هێرشە میدیاییانەن.

لە وڵاتان حزبێک یان بەرپرسێک لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵیی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵات دوردەخرێتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نە حزبەکان خۆیان، نە خەڵکیش بەرامبەر هێنانی لەشکریی بێگانە بۆسەر خاکی هەرێم هەڵوێستیان نییە و هەموان ساڵان بینەری ئەو دوو ڕۆژەن کە تیایدا پارتی و یەکێتی هێرشی توند دەکەنە سەر یەکتر.


#پارتی دیموکراتی کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان