رۆژهەڵاتی ناوەراست

مه‌ترسیى هێرشكردنه‌سه‌ر عێراق ئاشكراده‌كرێت

31/08/2024

ده‌نگوباس:

ئەندامێکى هاوپەیمانى سیادەى سووننه‌كان ڕایدەگەیەنێت، عێراق شکستىهێناوە لەپاراستنى سەروەرى وڵات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "مەترسی هەیە وڵاتانی دراوسێ هێرشبکەنەسەر خاکی عێراق".


ئەحمەد دلێمى ئەندامى هاوپەیمانى سیادە بەمیدیا عێراقییەکانى وتووه‌، "پەلاماری هێزەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی باکوری عێراق (هه‌رێمى كوردستان)و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان‌و بۆردومانکردنی شوێنە مەدەنییەکان‌و به‌ئامانجگرتنى دانیشتوانی ئەو ناوچانە، لاوازیی وەزارەتی دەرەوە دەردەخات بۆ ڕێگرتن لەپێشێلکردنی سەروەری لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە".

ئەو پەرلەمانتارە نایشارێتەوە، "ترسی ئەوەش هەیە وڵاتانی دراوسێ هێرشبکەنەسەر خاکی عێراق‌و سوود لەلاوازیی وەزارەتی دەرەوە وەربگرن".

ئاماژەى بەوەکردووە، وەزارەتی دەرەوە بێدەنگى هەڵبژاردووە لەبەرامبەر هێرشەکانى سەر عێراق‌و هیچ هەنگاوێکى نەناوە بۆ ڕێگرتن لەدووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکاریانە، کە بووه‌تە سەرچاوەی لاوازیی‌و ڕێگەخۆشکەرن بۆ دەستتێوەردانی نوێ لەکاروباری عێراقدا.

دلێمى داوا له‌حكومه‌تى فیدراڵ دەکات، لێکۆڵینەوەیەکى چڕوپڕ له‌دۆسیەى کشانەوەی هێزه کوردییەکان لەناوچە سنوورییەکانى هەرێم بکات، کە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک‌و نه‌ینەوا.


#عێراق