کوردستان

جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم هێرشده‌كاته‌سه‌ر مه‌سرور بارزانى

31/08/2024

ده‌نگوباس:

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی ڕایگەیاند، لەم کابینەیەدا کە یەکێتی بەشدارێکی کارا نەبووە تێیدا، پرۆسەی خزمەتگوزاریی‌و ئاوەدانی سستەو باج‌و ڕسوماتیشیان لەسەر زیادکراوە، ئەوەش بووەتە مایەی ناڕەزاییان، ده‌شڵێت:"له‌م كابینه‌یه‌دا نەک هەر نەتوانراوە ئاسانکاریی بۆ کاسبکاران بکرێت، بەهۆی گرفتی مووچەشەوە ئەوەندەی تر کۆسپ‌و لەمپەڕ بۆ کەسابەت‌و بازاڕ درووستبووە".


جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی كه‌ هاوكات جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیشه‌ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەکاسبکارو پیشەوەری سلێمانی کۆبووەوه‌و ڕایگه‌یاند، "لەکابینەکانی حکومەتی هەرێمدا، کەم‌و زۆر خزمەتگوزاریی پێشکەش بەخەڵک کراوەو دەستی ئاوەدانی بەزۆربەی ناوچەکانی هەرێم گەیشتووە، بەڵام لەم کابینەیەدا کە یەکێتی بەشدارێکی کارا نەبووە، خزمەتگوزاریی‌و ئاوەدانی سستە".

هەروەها وتیشى:"له‌م كابینه‌یه‌دا نەک هەر نەتوانراوە ئاسانکاریی بۆ کاسبکاران بکرێت، بەڵکو باج‌و ڕسوماتیشیان لەسەر زیادکراوە، ئەوەش بووەتە مایەی ناڕەزاییان‌و بەهۆی گرفتی مووچەشەوە ئەوەندەی تر کۆسپ‌و لەمپەڕ بۆ کەسابەت‌و بازاڕ درووستبووە".

باسی لەوەکرد، "بۆ نەهێشتنی ئەو ستەمەی لەسەر کاسبکارو کرێکاران بەگشتی‌و چین‌و توێژەکانی تر هەیە، پێویستە کاری جددی بکرێت بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی‌و هێنانەکایەی هاوسەنگیی سیاسی‌و حکومەتێکی گەلپەسەندی ئەووتۆ کە لەڕێگه‌یەوە جارێکی تر بگەڕێینەوە ناو خەڵک‌و بتوانین بەچەشنێکی شایستە خزمەتیان بکەین‌و ژیان‌و گوزەرانیان بەرەو باشتر ببەین".


#باشووری کوردستان