دهنگوباس:
لاهور شێخ جهنگى لهپهیامێكدا ڕایدهگهیهنێت، "وەک چۆن خیانەتی 31ى ئاب ئیدانە دەکەین، بەهەمان نەفەسیش ڕێکەوتنی سەرەوەی حزبەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دژی یەکتر بەکارێکی قێزەون دەزانین".
لهپهیامێكدا بهبۆنهى 31ى ئابهوه، لاهور شێخ جهنگى نووسیویهتى:"31ى ئاب خیانەتێکی مێژووییەو هەرگیز لەبیرناکرێت، ئەوە ڕاستییەکە بەرلەوەی حزبێک هەرساڵەو بەنەفەسو جۆرێک یادی بکاتەوە، مێژوو لەزاکیرەی خۆیدا جێگیریی کردووە، بەڵام یادکردنەوەی ئەو جۆرە برینو خیانەتو خۆکوژییە، دەبێت تەنها بۆ دەرس وەرگرتن بێت نەوەک بۆ کولاندنەوەی برینەکانو موزایەدەی پێش هەڵبژاردن".
باسى لهوهشكردووه، "ئەوانەی ئێستا هاتوون دوای 28 ساڵ تازە بیریان دەکەوێتەوە کە 31ی ئاب خیانەت بوو، لەساڵانی ڕابردوودا لەکاتێکدا ئێمەومانان دەمانویست خیانەتی 31ی ئاب وەک پەند لەبیرنەکرێت، هەر ئەوانەبوون بۆ ڕاگرتنی دڵی پارتیو پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانیانو گیرفانیان، مانگی ئاب لای ئەوان 30 ڕۆژ بوو".
بهوتهى لاهور شێخ جهنگى، "لەئێستاشدا کە باروگوزەرانی گەلی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایەو گەنجەکانمان لەوپەڕی بێهیواییو نائومێدیدانو فەرمانبەرانو هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو خانەنشینو خاوەن پێداویستی تایبەتەکان 60 ڕۆژە لەچاوەڕاونی پێدانی موچە زەوتکراوەکانیانن بۆ ئەوەی بتوانن تیکەیەک نان بخەنەسەر سفرەی ماڵو منداڵیان، کەچی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار زۆر نابەرپرسیارانەو دوور لەهەموو بەهاو ئەتەکیەتێکی سیاسیی بەدروستکردنی سیناریۆ دەیانەوێت هەموو ئەم کێشانەی کە بەدەستی ئەوان خۆیان دروستکراوە، لەبیرخەڵکی بەرنەوەو جارێکی تر تۆوی ڕقو دووبەرەکی بەپارەی دزراوی خەڵک ئاو بدەنەوە".
جهختیشدهكاتهوه، "لەڕابردووی زۆر نزیکدا، ئەوانەی لەسەر حسابی یەکێتیی پلەو پۆستو پایەیان لەناو حکومەتو دەزگا فەرمییەکانی هەرێم لەشاری هەولێردا وەرگرت، لەجیاتی خزمەتی هەولێرییەکانو سارێژکردنی برینی دڵی ئەو خەڵکەی کە بەهۆی 31 ئابەوە زیانی بەرکەوتو قوربانیدا، هاتن سەرقاڵی بزنسو پارەو گیرفانی خۆیانو خێزانەکانیان بوونو ئێستاش وەک بانگەشەی هەڵبژاردن کە ڕێککەوتنی دولایەنەی پێشوەختی لەسەرکراوە، جارێکی تر گوتاری ڕقو گیانی دوبەرەکی دەچێنن، بێئاگا لەوەی لەئاستە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەم گەمە سیاسیە قێزەونە کاریگەریەکانی لەسەر نەوەکانی ئێستاو داهاتوو دەمێنێتو هێندەی تر هەستی نەتەوەییو نیشتیمانیی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان پەرتدەکات!".
لهكۆتاییشدا ئاماژهى بهوهداوه، "وەک چۆن خیانەتی 31ى ئاب ئیدانە دەکەین، بەهەمان نەفەس ڕێکەوتنی سەرەوەی حزبەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دژی یەکترییو بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕقو دوبەرەکی ڕەتدەکەینەوەو بەکارێکی قێزەونی دەزانین، ئەم ئاکارانە دوورن لەهەموو بەهایەکی کوردەوارییو بەشێک نین لەزمانێکی سیاسیی ڕاقیو باڵا کە خەمی خەڵکو خاکی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتبێت".
#لاهور شێخ جەنگی