دهنگوباس:
ئەمڕۆ 30ی ئاب لهسهرتاسهرى جیهاندا بهڕۆژى بێسهروشوێن بووان ناسراوه، ژمارەیەک رێکخراویش بەهاوبەشی بەیاننامەیەکیان دەرکردو دهڵێن، "كوردستان هەرێمێكە لەوڵاتێك، چ خۆییو چ عێراقیش، یەكێكن لەو 80 وڵاتەی جیهان كە هاوڵاتیانی تێدایە بێسەروشوێنكراون".
بەیاننامەکە هەریەک لەڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید، تۆڕی KONCICCو هەڵمەتی دادپەروەری بەهاوبەشی دەریانکردووەو چەند داواکارییەکیان خستووهتهڕوو.
لەبەیاننامەکەدا داواکراوە، قەرەبووی ئابووری كەسوكاری بێسەروشوێنکراوان بكرێتەوەو ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابینبكرێت لەڕووی داراییو خوێندنو چارەسەری تەندروستی.
دەقی بەیاننامەکە:
30ی ئاب ڕۆژی جیهانی بێسەرووشوێنكراوان
ئەمڕۆ 30ی ئاب ڕۆژی بێسەروشوێنكراوانە لەجیهان، كوردستانیش هەرێمێكە لەوڵاتێك چ خۆییو چ عێراق یەكێكە لەو 80 وڵاتەی جیهان كە هاووڵاتیانی تێدایە بێسەروشوێنكراون بەهۆكاری سیاسی.
لەجیهاندا ژمارەی بێسەروشوێنكراوان بە 52250 كەس دیاریكراوە، ئەوانەن تۆماركراون لەناوەندە جیهانیەكان بەتایبەت نەتەوەیەكگرتووەكانو خاچی سوری جیهانیو هاوپەیمانی جیهانی دژ بەبێسەروشوێنكردنو لەكاتێكدا تەنها ژمارەی بێسەروشوێنكراوانی ئەنفالو بارزانیو فەیلیو ئێزدیو چەندین بەرابەری ئەو ژمارەیەیە، تائێستا ژمارەیەكی زۆر كەمی نەبێت چارەنووسیان دیارینەكراوە، تەنانەت ئەو ڕووفاتانەی دۆزراوینەتیشەوە بەهۆی نەناسینەوەیان بەبێسەروشوێنكراو هەژمار دەكرێن، بەشێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لەجیهان خۆی دەدات لەزیاتر لە 50 ملیۆن كەس، هەروەها لە 30 وڵات زیندانی نهێنی بوونی هەیە لەناویاندا لەعێراق.
بێسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤو یاسای نێودەوڵەتیو جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە، بەگوێرهى پەیماننامەی ڕۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتییەوە كاتو شوێن تاوانەكە بەزیندویی دەیهێڵێتەوە، بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی ڕاستییەكانیان هەیە، هیچ دەسەڵاتو گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە كە تاوانكار بەگوێرهى یاسای نێودەوڵەتی نابێت لەسزا ڕزگاری بێت.
بێسەروشوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك، مافی ئازادیو ئاسایش، مافی ئەشكەنجە نەدان، مافی ژیان، مافی ناسنامە، مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە، مافی قەرەبووكردنەوە، مافی وتنی ڕاستییەكان، مافی ئابووری، كۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی، مافی ئاستی ژیان، مافی تەندروستیو فێربوون، مافی كەرامەتو داوا لێبوردنكردنی قوربانی.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لەباشووری كوردستانو دەیان هەزار لەپارچەكانی دیكەی كوردستان لەلایەن ڕژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە داواكارین:
1- پێویستە لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان، هۆكاری بێسەروشوێنكردنو هۆكاری مردن، شوێنی مردنیان بڵاوبكاتەوە، ئەوانەشی ماون ئازادبكرێن.
2- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێتو بۆ یاداوەری بێسەروشوێنكراوانو دروستكردنی مۆنۆمێنتی یادهوەرییان.
3- بەیاسا بێسەروشوێنكردن لەكوردستانو وڵاتانی ناوچەكە قەدەغەبكرێت.
4- داوای لێبووردن لەبنەماڵەكانیان بكرێتو پەیمانی دووبارەنەكردنەوەی تاوانی لەو جۆرە بدرێت.
5- ڕووفاتی قوربانییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسوكاریان.
6- قەرەبووی ئابووری كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی ڕابردوو، ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لەڕووی داراییو خوێندنو چارەسەری تەندروستی.
7- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو راستییەكان لەسەر بێسەروشوێنكردنی ڕۆڵەكانیان بزانن، تەواوی زانیارییەكانیان لەبەرواری بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرابكرێت.
8- بەیاسا پارێزبەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان، پارێزەرەكانیان، ڕێكخراوەكانیان دیاریبكرێت بۆ وتنی ڕاستییەكانو داكۆكیكردن لەمافەكانیان.
9- پێویستە زیندانەكان سجلی هاتووانو دەرچوانی هەبێت، هیچ كەسێك لەدەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێنو بوونی زیندانی نهێنی وەك تاوان سەیربكرێت.
ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری
30ى ئابى 2024
#باشووری کوردستان