کوردستان

یه‌كێتى بۆ پارتى: سیاسەتە چەوتە دووبارەبۆوەکانی لێرەو لەوێتان هەمیشە قەتماغەی برینی هاوینی خیانەت هەڵدەداتەوە

30/08/2024

ده‌نگوباس:

یه‌كێتى هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر پارتى‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پشتبەستوو بەباڵانسی ناڕەوای هێزو هەژموونی بەدەستهاتوو لەکەینوبەینەکانی دوای 31ی ئاب، پارتى گەرەکێتی مێزی خیانەت‌و ناپاکی بەسەر خەڵکی تردا قڵپ بکاتەوە"، ده‌شڵێت:"31ى ئاب ماوەیەکی زۆر ناوبانگ‌و ناوەڕۆکی ڕەوا‌و ئازادیخوازانەی کوردایەتی لەدونیا لەکەدار کرد، بەداخیشەوە سیاسەتە چەوتە دووبارەبۆوەکانی لێرەو لەوێی پارتی، هەمیشە قەتماغەی برینی هاوینی خیانەت هەڵدەداتەوەو زامی پایتەختی داگیرکراوی ڕۆژە شوومەکەی 31ی ئابیش هەروا دەکوڵێنێتەوە".


مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌پەیامه‌كه‌یدا به‌بۆنه‌ى 28 ساڵه‌ى 31ى ئاب ده‌ڵێت:"28 ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی 31ی ئاب، کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕدەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی ڕەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و لەپێناو سەپاندنی باڵانسێکی ناڕەوا".

باسى له‌وه‌شكردووه‌، "دەکرا لەجیاتی سەپاندنی خیانەت‌و سەپاندنی هەژموونی نانیشتمانیی‌و نا نەتەوەیی، بەبانگەوازی کوردانەو پەرۆشییەکی ئاشتیخوازانەوە ناکۆکی ناوخۆیی چارەسەرکراباو خوێن‌و خەمێکی زۆر بۆ گەلی کوردستان‌و ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەزموونەکەمان کە لەسەرەتای دروستبوون‌و پێکهاتندا بوو، بگێردرابایەوە".

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "دەرەنجامی ئەو خیانەتە هەر زیانگەیاندن بەیەکێتیی‌و هێزی پێشمەرگەو شەهیدو بریندارو ئاوارەکەوتنی سەدان تێکۆشەری یەکێتیییەکەمان‌و خەباتگێڕانی کوردستان نەبوو، هەر کوشتن‌و ڕاوەدوونانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دژی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەددام نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵی لەجەستەی میللەتی جینۆساید دیدەو قوربانیدەری کورد دروستکرد".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "دوای 28 ساڵیش هێشتا ئه‌و برینه‌ ساڕێژ نەبووەو پاشماوەو ئاسەواری سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابووریی‌و بگرە کولتورییشی بەسەر هەرێمەکەمانەوە ماوە، ماوەیەکی زۆریش ناوبانگ‌و ناوەڕۆکی ڕەوا‌و ئازادیخوازانەی کوردایەتی لەدونیا لەکەدار کرد، بەداخیشەوە سیاسەتە چەوتە دووبارەبۆوەکانی لێرەو لەوێی پارتی هەمیشە قەتماغەی برینی هاوینی خیانەت هەڵدەداتەوەو زامی پایتەختی داگیرکراوی ڕۆژە شوومەکەی 31ی ئابیش هەروا دەکوڵێنێتەوە".

ئه‌وه‌شى تێدا هاتووه‌، "لەم نزیکەی سێ دەیەدا میللەتی بەسەبرو دانبەخۆداگرتووی کوردستان‌و یەکێتیش، لەبەر ئایندەی وڵاتەکەمان‌و بۆ فراوانکردنی دەرفەتی پێکەوەیی‌و تەبایی کوردستانیی، ئەم ڕۆژە ناخۆشەی کوردستانی بەهەڵسەنگاندنی مێژوو سپاردووەو لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان، لەبەر ئارەق‌و ڕەنجی دەیان ساڵەی کوردایەتی، لەزۆر هەقی ڕەوای خۆی خۆشبووەو پەیامی ئاشتی‌و هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی تازەی بەرزکردۆتەوە".

وه‌كو ده‌ڵێت:"بۆیه‌ خۆشبووین تا بەسیاسەت‌و دیالۆگی ئاشتیخوازانە ئەزموونەکەمان بەپایەداری بهێڵێتەوەو گەشەی پێبدات‌و سەرەڕای زامی قووڵی خیانەت بگاتە ئامانجەکانی، کەچی بەداخەوە پارتی، لەجێی پێداچوونەوە بەهەڵەکانی، لەجێی یارمەتی سارێژبوونی برین‌و ناسۆرییەکانی ڕابردوو، لەهەر دەرفەتێکی بچوکی ناکۆکی خۆماڵیدا خوێ بەبرینی نەتەوەو نیشتماندا دەکا".

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:"پشتبەستوو بەباڵانسی ناڕەوای هێزو هەژموونی بەدەستهاتوو لەکەینوبەینەکانی دوای 31ی ئاب، پارتى گەرەکێتی مێزی خیانەت‌و ناپاکی بەسەر خەڵکی تردا قڵپ بکاتەوە، هەربۆیە گوتاری تەنگەتاوی سیاسیی‌و دیاردەی دزێوی تۆمەتبەشینەوەی گوایە خیانەت‌و تانەو تەشەری نەتەوەیی‌و نیشتمانیی، دەستکاری مێژوو و زەوتکردنی سەروەرییەکانی خەباتی هەمەلایەنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بووه‌تە گوتاری زاڵ‌و بنێشتەخۆشەی سەر زمانی ناوەندی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە".

له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ په‌یامێكى بۆ گه‌نجان تێدایه‌و باس له‌وه‌كراوه‌، "لەم یادەوەرییە خەمناک‌و تاڵ‌و پڕ سوێیەدا، یەکێتیی لەسۆنگەی ویژدانێکی زیندووی کوردانەوە، پشتبەستوو بەقەڵای قوربانییەکانی ڕابردووی بۆ ئازادی‌و بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی‌و بۆ دواڕۆژی نەوەکانی کوردستان، بانگەوازی خەباتێکی یەکێتیانەو بەرپرسانەو دیموکراتیانە دووپاتدەکاتەوە کە ڕووی لەئایندەی گەش، ڕووی لەجۆشدانەوەی خەباتی نوێباوی کوردایەتی بێت بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حوکمڕانی، بەرەو گێڕانەوەی باڵانسی هێز لەکوردستان‌و بۆ لەقاودانی هەموو ئەو هەلومەرجە ناجۆرانەی بوونە باعیسی قۆرخکاریی‌و جیاکاریی و ستەمکاریی‌و بوونە مایەی بەتاڵکردنەوەی زۆر جومگەی ئەزموونەکەمان لەناوەڕۆکە نیشتمانیی‌و دیموکراتی‌و دادپەروەرییەکەی، کە سەرچاوەی ماکی ئەم هەموو ناجۆرییەش خیانەتی 31ی ئابە، بەتایبەتی لەسایەی فەرهەنگێکی بێ مۆڕاڵی دواکەتوودا کە تائێستاش ئەم شەرمەزارییە سیاسییە بەدەسکەوتی گوایە نەتەوەیی‌و نیشتمانی دەناسێنێ‌و بێشەرمانە داکۆکی لێدەکات‌و خۆی پێوە بادەدات".

له‌كۆتاییشدا یه‌كێتى نووسیویه‌تى:"لەیادی برینی 28 ساڵەی ئابدا، با بەخەباتی بێوچانی مەدەنی‌و ئاشتیخوازیی‌و بەهەڵبژاردنی پاک‌و چاودێریکراوی عێراقی‌و نێودەوڵەتی، بەر بەم نەزیفە نەتەوەییە بگرین‌و ڕۆحی شەهیدەکانمان، بەتایبەتی شەهیدانی بەرەنگاری داگیرکردنی هەولێری پایتەخت، شادبکەین، بۆ پێشەوە... بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی‌و گێڕانەوەی باڵانسی هێز لەکوردستان".


#باشووری کوردستان