کوردستان

هۆشدارییەکی توند لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە

30/08/2024

ده‌نگوباس:

كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق هۆشدارییه‌كى توند ده‌دات له‌بانگه‌شه‌ى پێشوه‌خته‌ى كاندیدى لایه‌نه‌كان، ده‌شڵێت:"تائێستا وردبینی لەناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەواو نەبووەو ئەنجومەنی كۆمسیارانیش ناوەكانیان پەسەندنەكردووە"، وته‌بێژى كۆمسیۆنه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەوپێیە هیچ كاندیدێك بەرلەوەی ژمارەی ڕیزبەندیی لەلیستەكەی پێبدرێت، بۆی نییە دەست بەبانگەشەی هەڵبژاردن بكات".


جومانه‌ غه‌لاى وته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ده‌ڵێت:"ئەگەر سكاڵا لەسەر هەر لیست‌و كاندیدێك بكرێت كە بانگەشەی پێشوەختەی دەستپێكردووە، ڕێكاری یاسایی توند لەدژیان دەگرینەبەر".

ده‌شڵێت:"لەدوای پەسەندكردنی ناوی كاندیده‌كان، لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بەفەرمی وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنین".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، بڕیارە ڕۆژی 20ى 10ى ئه‌مساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، به‌ڵام له‌ئێستادا زۆرێك له‌كاندیدى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، وێنه‌ى سه‌ر پڕۆفایلى فه‌یسبوكه‌كانیان به‌ژماره‌كانیانه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.


#باشووری کوردستان