کوردستان

شرۆڤه‌كارێكى عێراقى: ئه‌ردۆغان به‌نیازه‌ هه‌رێم بخاته‌سه‌ر توركيا

29/08/2024

ده‌نگوباس:

هەیسەم خەزعەلی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دەستدرێژی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، هەروەها هاوڵاتییان دەکاتە ئامانج، ده‌شڵێت:"ئه‌ردۆغان به‌نیازه‌ هه‌رێمى كوردستان بخاته‌سه‌ر توركیا".


خەزعەلی لەلێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت:"تورکیا دەستیکردووە بەدزەکردنی زیاتر بۆ ناو خاکی عێراق، هەروەها هێرشەکانی دوور لەسنوورەکانی دەستپێدەکات‌و تەنانەت دوور لەئامانجە ڕاگەیەندراوەکانیشی”.

خەزعەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانەی تورکیا لەعێراق بەهاوبەشی‌و بەشداریکردن‌و ڕێککەوتنە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەباشووری کوردستان‌و دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەنجامدەدرێت.

خەزعەلی پێیوایه‌، ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی ئەمدواییە کە حکومەتی عێراق لە 15ی ئاب لەگەڵ تورکیا ئەنجامیدا، کاردانەوەکانی لەسەر ئایندەی عێراق ده‌بێت.

دەشڵێت، "حکومەتی عێراق هەوڵیدا ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا ئەنجامبدات هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەگەڵ لەئێران ئەنجامدرا، بەڵام کەموکوڕی تێیدا نەبوونی ڕێککەوتنێکی ڕوون‌و ئاشکرابوو لەسەر کشانەوەی هەموو هێزەکانی تورکیا لەخاکی عێراق‌و ڕێزگرتن لەسەروەری عێراق".

جەختیشیکردەوە، "ئەمە دەبێتە هۆی چەسپاندنی بوونی تورکیا لەخاکی عێراق‌و پێشێلکردنی سەروەری عێراق، تورکیا لەپێش هەموو شتێکەوەیەو ئەردۆغان تەنها بیر لەبەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیی‌و فراوانبوونی خۆی دەکاتەوە لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکەو تورکیا هەوڵی لکاندنی باشووری کوردستان دەدات بەیەکێک لە81 پارێزگاکەی خۆیەوە".


#تورکیا