رۆژهەڵاتی ناوەراست

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: داوای ڕوونکردنەوەمان لەعێراق کردووە لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنەکەی کەرکووک

29/08/2024

ده‌نگوباس:

دواى خستنه‌خواره‌وه‌ى درۆنێكى توركیا له‌لایه‌ن سوپاى عێراقه‌وه‌ له‌ئاسمانى شارى كه‌ركوك، توركیا داواى ڕوونكردنه‌وه‌ له‌عێراق ده‌كات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ده‌ڵێت:"لەهەماهەنگیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوی خستنەخوارەوەی درۆنێک لەشاری کەرکووک".


ئۆنجو کێچێلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دووبارە بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، "لەگەڵ عێراق ئیرادەیەکی بەهێزی هاوبەشمان هەیە لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، "به‌گوێره‌ى ماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، توركیا بەردەوامدەبێت لەبەرگریکردن لەخۆی لەشەڕی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی لەنێو خاکی عێراقدان".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌ڕاگه‌یەندراوێكدا ڕایگه‌یاند، كاتژمێر 9:30ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، بەرگریی ئاسمانی عێراق فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی له‌کەرتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکدا دەستنیشانکردو دوای به‌دواداچوون‌و زانینی ڕێڕه‌وه‌كه‌ی‌و گه‌یشتنی بۆ ناوه‌ندیی شاری كه‌ركووك كه‌ چه‌ندان باره‌گای حكوومی‌و ناوه‌ندى ئابووریی‌و ئامانجه‌ گرنگه‌كانی لێیه‌، سه‌رجه‌م ده‌زگه‌ ئه‌منییه‌كانی لێ ئاگاداركرایه‌وه‌.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌زگه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركووك، هاوكات زانیارییه‌كان له‌باره‌ی فرۆكه‌كه‌ بێفرۆكه‌وانه‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ پشتڕاستكرایه‌وه‌و ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ فرۆكه‌یه‌كی نه‌ناسراوه‌.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، كاتژمێر 10:30 تێبینیكرا فرۆكه‌كه‌ له‌ناو كه‌ركووك كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌و دەرکەوت فرۆکەیەکی تورکیایەو تیمێکی کاری تەکنیکی لەبه‌ڵگه‌نامه‌ی تاوانه‌كان‌و بەرگریی ئاسمانی‌و خاوه‌ندارێتی فڕۆکەی بێفرۆکەوان پێکهێنرا بەمەبەستی زانینی هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوەیی‌و بارودۆخی ڕووداوەکە.


#تورکیا