کوردستان

ڕێباز حه‌ملان له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا چه‌ند زانیارییه‌ك ئاشكراده‌كات

29/08/2024

ده‌نگوباس:

یاریدەده‌رێكی مه‌سرور بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مووچه‌ی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت كه‌ كێشه‌یان نییه‌؛ ده‌شڵێت، "داهاتی ناوخۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شی مووچه‌ی مووچه‌خۆران ناكات".


ڕێباز حەملان ئاشكرایكرد، "حكوومه‌تی هه‌رێم شه‌وو ڕۆژی خستووه‌ته‌سه‌ر یه‌ك، بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌م دۆخه‌ به‌رته‌نگه‌ی دوورچاری كراونه‌ته‌وه‌، ده‌ربازیان بكات‌و مووچه‌كانیان وه‌ك مافێكی سروشتی‌و بنه‌ڕه‌تی خۆیان، بۆ دابین‌و ده‌سته‌به‌ربكات".

ده‌شڵێت:"به‌شێك له‌وانه‌ی له‌هه‌رێم‌و له‌به‌غدان، خه‌ڵك‌و حكوومه‌تی هه‌رێمیان له‌باره‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆران‌و ماف و شایسته‌ داراییه‌كان، خستووه‌ته‌ به‌ر چه‌قۆی بێبه‌زه‌یی به‌غدا كه‌ له‌به‌رامبه‌ر سزادان‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ماددی‌و مه‌عنه‌وی‌و ده‌روونی خه‌ڵكی هه‌رێم سڵناكه‌نه‌وه‌".

حه‌ملان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "ئه‌وانه‌ی ئێستا پێش هه‌ڵبژاردن كه‌وتوون‌و ده‌ستیان به‌بانگه‌شه‌ كردووه‌و حزب‌و گرووپی بچووكیان پێكهێناوه‌و كار له‌سه‌ر ڕاكێشانی سۆزی ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن له‌دژی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌هۆڵ ده‌كوتن، ئه‌وانه‌ن كه‌ پێشتر ده‌یانگوت، ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بكات‌و دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌به‌غداوه‌ بێت، مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌موو مانگێك له‌واده‌ی خۆیدا مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لیژنه‌یه‌كی فراوانی ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم كردووه‌و به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم، وردبینییه‌كی قووڵیان ده‌ستپێكردووه‌و ئه‌ركیان تایبه‌ت به‌پێداچوونه‌وه‌ به‌میلاكاتی وه‌زاره‌ت‌و ده‌سته‌و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم‌و له‌ 21ـی ته‌ممووزی 2024وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو دیوانه‌وه‌ ڕاپۆرتێكی ورد ئاراسته‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كراوه‌و سه‌رنجی ورد خراوه‌ته‌سه‌ر بایۆمه‌تری‌و دواتر ئه‌م ڕاپۆرته‌ دراوه‌ته‌ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق‌و ئه‌ویش تێبینییه‌كانی خۆی به‌نووسراو ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"نووسراوێكیان به‌ئیمزای ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ 18ى ئه‌م مانگه‌ ئاراسته‌ی عێراق كردووه‌ته‌وه‌، پاشان له‌ 21ی ئه‌م مانگه‌ بۆ جاری دووه‌م‌و به‌نووسراوێكی دیكه‌ وه‌ڵامی هه‌موو تێبینییه‌كانی عێراق دراوه‌ته‌وه‌".

نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ دوو جۆر هه‌ڵه‌ ڕوویداوه‌، یه‌كه‌میان ته‌كنیكییه‌و له‌كاتی بایۆمه‌تریدا دروستبووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك ناو كه‌ له‌بایۆمه‌ترییه‌كه‌ لێدراوه‌ته‌وه‌، دووجار ڕه‌قه‌مه‌كه‌ی دووباره‌بووه‌ته‌وه‌و ژماره‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ زۆر كه‌مه‌، دووه‌میش كه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ندێك ناوه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا، به‌شێوه‌یه‌ك ناوی سیانیان وه‌كوو یه‌كه‌، به‌ڵام ناوی دایكیان جیاوازه‌، یه‌كێك له‌بابه‌ته‌كانی دیكه‌ كه‌ عێراق تێبینی له‌سه‌ره‌، نه‌بوونی بایۆمه‌ترییه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌تایبه‌ت بۆ نموونه‌ له‌خانه‌نشینی سه‌ربازی، له‌ 71 هه‌زار خانه‌نشینی سه‌ربازی، 56یان بایۆمه‌ترییان ته‌واوبووه‌، ئه‌وه‌یشی كه‌ نه‌یكردووه‌، هۆكارو پۆزشی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ڕه‌نگه‌ میراتگره‌كه‌ی (قاصر) بێت واته‌ له‌خوار ته‌مه‌نی یاسایی بێت، یان ڕه‌نگه‌ كه‌سه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم‌و بێت‌و ئێستا نیشته‌جێی وڵاتێكی دیكه‌ بێت یانیش هه‌یانه‌ نه‌خۆشه‌و نه‌یتوانیوه‌ بڕوات بایۆمه‌تری بكات.

ئه‌وه‌شى وت:"داهاتی ناوخۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شی مووچه‌ی مووچه‌خۆران ناكات، چونكه‌ حكوومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌، مانگانه‌ پێویستی به‌بڕی زیاتر له‌یه‌ك تریلیۆن دیناره‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ڕاپۆرت‌و نووسراوی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌نه‌كراوه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌سی نوێی دامه‌زراندبێت، وه‌ك هه‌ندێك كه‌س‌و گرووپی بچووك بچووك بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌".


#مووچە