کوردستان

حاکم قادر: خەباتمان بۆ ئازادیی‌و سەربەستی کرد نەک پێشێلکردن‌و شکستی سیاسی‌و ئابوریی

28/08/2024

ده‌نگوباس:

حاکم قادر له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ڕایگەیاند، خەبات‌و تێکۆشان بۆ ئازادیی‌و سەربەستی‌و عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان‌و سەروەری یاسا بووە، نەک پێشێلکردن‌و دەستێوەردان‌و شکستی سیاسی‌و ئابووری، دەشڵێت، "پێویستە بەغداو ھەرێم بۆ پرسی مووچە پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بن".


له‌كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی حاكم قادر ڕایگه‌یاند، "دەستکەوتەکان بەری ڕەنج‌و قوربانی، شەهیدان‌و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی‌و پێشمەرگەو سەرجەم چین‌و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکە، بۆیە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت‌و گەشەی پێبدرێت بەمەبەستی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، ئەوەش تەنها بەیەکڕیزیی گەلەکەمان دەکرێت، نەک بەم پەرتەوازەییەی کە ئێستا ھەیە، کە ئەنجامەکەی لەدەستدانی دەستکەوتەکان‌و شکستی سیاسی‌و ئابوریی‌و لاوازكردن‌و پەكخستنی پرسی دۆزی گەلەکەمانە لەم قۆناغەدا".

حاکم قادر وتیشی:"خەباتمان بۆ ئازادیی‌و بیرو دیدی جیاوازو چەسپاندنی ئازادییە دیموکراتییەکان‌و فراوانکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەر بووە، تێکۆشانمان بۆ هێنانەدی عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و سەروەری یاساو سەربەخۆی دەسەڵاتەکان بووە نەک پێشێلکردن‌و دەستێوەردان".

ئه‌وه‌شى وت:"سەرەڕای ھەبوونی ململانێی سیاسیی‌و بیری جیاوازی نێوان لایەنە سیاسیەكان، دژی دابەشكردنی كۆمەڵگەی كوردستانین، چونكە مێژوو بەرچاوڕوونیكردووین پێشتر چی كارەساتێكی بەسەر میلەتەكەماندا ھێناوە".

باسى له‌هەڵبژاردن كردو ڕایگەیاند، "پێویستە سەرجەم لایەنەکان کار بۆ هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەردو دیموکراتی بکەن، چونکە بەبێ هەڵبژاردنێکی دیموکراتی، هێندەی دیکە متمانەی دامەزراوەکانی هەرێم دەکەونە ژێر پرسیارەوەو لەھەمانكاتدا دەبێت ئەوەشمان بیربێت كە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ بۆچونی گەل، ھەر گەلیش سەرچاوەی دەسەڵاتە".

حاکم قادر ئاماژه‌ى به‌پرسى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم كردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا ناردنی مووچە ڕابگیرێت، بەڵام بەداخەوە بەغدا پابەندی بڕیارەکان نەبووەو ناشبێت هەرێم هیچ بیانووەیەک بدات بەبەغدا تا مووچەی فەرمانبەران دوابخات".

نه‌یشارده‌وه‌، "ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە، پێویستە بەرچاوڕوونیمان هەبێت‌و خۆمانی بۆ ئامادەبکەین، لەسەر بنەمای یەکڕیزیی گەل نەک پەرتەوازەیی، چونکە ئێمە لەعێراقی فیدراڵ‌و دیموکرات‌و فرەیدا خاوەنی پرس‌و دۆزی گەلەکەمانین".


#باشووری کوردستان