دهنگوباس:
عەلی نیعمە ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی لهپەرلەمانی عێراق سهبارهت بهکردنەوەی دۆسییەکی تایبەت بەبۆردوومانەکانی تورکیا لەعێراق بەگشتییو لەسلێمانی بەتایبەتی ڕایگهیاند، "دەستدرێژییەکانی تورکیا جێگەی قبوڵکردن نییە"، دهشڵێت:"دەبێت بەخێرایی ڕێگری لێبکرێتو بێدەنگبوون لێی پاساوە بۆ بەردەوامبوونی".
عەلی نیعمە ئاشكرایكرد، "دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەری عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە، هەڕەشە لەئاسایشو سەقامگیریی دەکاتو یارمەتیدەرە بۆ تێکدانی ئاسایش لەسەرتاسەری عێراقدا".
وتیشى:"ئەم پێشێلکارییە ئەمنییە دەبێت بەخێرایی ڕێگریی لێبکرێتو بێدەنگبوونیش لێی، پاساوە بۆ بەردەوامبوونی".
ئهوهشى وت:"تورکیا بەزیادکردنی هێرشەکانی زۆر سنووری بەزاندووەو خەڵکی بەئامانجدەگرێت لەناو گەڕەکەکانی سلێمانی، ئەمە پێشێلکارییەکی ئەمنی جددییە کە دەبێت بەهەموو شێوەیەک ڕێگریی لەدووبارەبوونەوەی بکرێت، بێدەنگبوونیش لەئاستی ئەم پێشێلکارییانە پاساوێکە بۆ بەردەوامبوونی ئەنكەرە لەو جۆرە دەستدرێژییانە".
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیکردەوە، "لیژنەی ئاسایشو بەرگریی پەرلەمان، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، کار بۆ بانگهێشتکردنی کەسایەتییە حکومیو سەربازییەکان دەکات بەمەبەستی تاووتوێکردنی ئەم پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارو گەورەیە، هەروەها هانی لایەنەکان دەدات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێوسیت تا ڕێگریی بکەین لەتورکیا درێژە نەدات بەدەستدرێژییەکانی لەخاکی عێراقو عێراقییەکان نەکاتە ئامانج".
ئەمە لەکاتێکدایە، 23ى ئاب، هەردوو ڕۆژنامەنووسی ژن (گولیستان تاراو هێرۆ بەهادین) بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەنزیکی شارۆچکەی سەیدسادق شەهیدبوونو یەکێکی دیکە لەهاوڕێ ڕۆژنامەوانەکانیان بەناوی ڕێبین بەکر برینداربوو.
#باشووری کوردستان