دهنگوباس:
وهفدێكى باڵای هەرێمی کوردستان لەبەغدایە، پرسی مووچەو چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق تاووتوێ دەکەن.
وهفدێكى حکوومەتی هەرێم کە لەپێنج بەڕێوەبەری گشتی پێکدێت، شەوی ڕابردوو گەیشتە بەغداو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ وەزارەتی داراییو دیوانی چاودێریی عێراق کۆببێتەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی وهفدهكهى حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، مووچەی هەردوو مانگی تەمموزو ئابی، فەرمانبەرانی مەدەنیو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
وەزارەتی داراییو ئابووریی حکوومەتی هەرێم ئاشكرایكردووه، 32 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنیو هێزە ئەمنییەکانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەڵام تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەنها 36 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو مانگە خەرجکردووە.
جیا لەمەش، دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێم خەرجکرد، لەکاتێکدا وەزارەتی داراییو ئابووریی حکوومەتی هەرێم لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
تائێستا وەزارەتی داراییو ئابووریی حکوومەتی هەرێم بەشێوەیەکی فەرمی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ سەر هەژمارە بانکییەکەیان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕانەگەیاندووەو وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، لەبارەی ئەوەی، بۆچی بەشێکی مووچەی مانگی ئابی خەرجکردووە، لەکاتێکدا لیستەکەیان بۆ نەچووە.
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم جەخت لەوەدەکەنەوە، ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بەمووچەی فەرمانبەرو هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دەیکات، "برسیکردنی خەڵکەو مەرامی سیاسیی لەپشتە"، چونکە وەکوو خۆیان دەڵێن، هەموو پابەندییەکانیان لەبەرامبەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی داراییو ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆنو 114 هەزارو 194 مووچەخۆری هەیەو کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمو فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆو 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لەبەرامبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابیندەکات.
#مووچە