ده‌نگوباس:
له‌پرێس كۆنفرانسێكدا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم باسى پرسى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كرد‌و ڕه‌خنه‌ى له‌به‌غدا گرت‌و ڕایگه‌یاند، "لیستی مووچەی دامەزراوە ئەمنییو مەدەنییەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەکرابوو ئینجا بۆ بەغدا نێردرا، بەڵام دواخستنی مووچە لەلایەن بەغداوە بیانووەو هیچ پەیوەندیی بەوردبینییەوە نییە".
ڕێبەر ئەحمەد وتى:"وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی دامەزراوە مەدەنیی‌و ئەمنییەکانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەکردبوو، ئینجا بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی نارد، هەروەها لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم‌و عێراق بەهاوبەشی وردبینییان بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆران کردووە، تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی‌و دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هی ئەوەنییە کە مووچەی لەسە ڕابگیرێت، بەڵام لەپشت ڕاگرتنی مووچەوە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە کە دەیەوێت هەرێم تووشی کێشە ببێت، بەتایبەتی ئێستا کە پرۆسەی هەڵبژاردنمان لەپێشە".
ئه‌وه‌شى وت:"دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بیانووەو هیچ پەیوەندیی بە وردبینییەوە نییە".
ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ وا بڵاوكرایه‌وه كه گوایه 550 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى مانگى هه‌شتى فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ى دارایی هه‌رێم كراوه، به‌ڵام به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونه ڕۆژنامه‌وانییه‌كان تائێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ مووچه ڕه‌وانه نه‌كراوه.
#مووچە