جیهان

دواى بڕیاره‌كه‌ى تاڵیبان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریده‌دات

26/08/2024

ده‌نگوباس:

بەرپرسێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، یاسا نوێیەکانی تاڵیبان بۆ هاندان بۆ چاکەو ڕێگریکردن لەخراپەکاری کە دەنگی ژنانی ئەفغانی‌و دەرکەوتنی ڕووخسارییان قەدەغە دەکات لەشوێنە گشتییەکان "دیدێکی تەنگانە" بۆ داهاتووی ئەفغانستان دەهێنن.


ڕۆزا ئۆتونباییڤای سەرۆکی شاندەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەئەفغانستان وتی، " یاساکان ئەو کۆتوبەندانەی کە پێشتر سەپێندراون بەسەر مافی ژنان‌و کچاندا توندتر دەکاتەوەو ئێستا تەنانەت دەنگی کچانیش لەدەرەوەی ماڵەکانییاندا قەدەغەکراوەو بەکارێکی نائەخلاقی سەیر دەکرێت".

چوارشەممەی ڕابردوو تاڵیبانی ئەفغانستان یەکەمین کۆمەڵە یاسای ڕاگەیاند بۆ هاندان بۆ چاکەو ڕێگریکردن لەخراپەکاریی، یاساکان داوا لەژنان دەکەن لەدەرەوەی ماڵەکانی خۆیان ڕووخسارو جەستەو دەنگی خۆیان بشارنەوە.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئۆتونباییڤا وتی:"دوای چەندین دەیە لەجەنگ‌و لەنێوەندی قەیرانێکی خراپی مرۆییدا، گەلی ئەفغانی شایستەی زۆر باشترن لەوەی هەڕەشەیان لێبکرێت یاخود زیندانی بکرێن ئەگەر دوابکەون لەنوێژەکان، یاخود سەیری ڕەگەزێکی دیکە بکەن کە نەناسیاوە، یاخود وێنەی خۆشەویستێکییان هەڵبگرن".

ئه‌وه‌شى وت:"توێژینەوەیەک دەکه‌م لەسەر یاسا نوێیەکان‌و ئاڵۆزییەکانی بۆ گەلی ئەفغانی، هەروەها بۆ ئەگەری کاریگەرییەکەی لەسەر نەتەوەیەکگرتووەکان‌و یارمەتییە مرۆییەکانی دیکە".

محەمەد خالید حەنەفی وەزیری هاندان بۆ چاکەو ڕێگریکردن لەخراپەکاری لەکەناڵی ئاڕ تی ئەی ئەفغانستان وتی:"هیچ کەس مافی ئەوەی نییە مافی ژنان پێشێل بکات لەسەر دابونەریتی نەشیاو.

وتیشى:"ئێمە پابەندین بەدڵنیابوونەوە لەسەرجەم مافەکان بۆ ژنان بەگوێره‌ى یاسای ئیسلامی‌و هەرکەسێکیش گلەیی لەمبارەیەوە هەیە، گوێی لێدەگیرێت‌و چارەسەردەکرێت".

هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە ڕابەری باڵای تاڵیبان ساڵی ڕابردوو وتی:"ژنانی ئەفغانی ژیانێکی خۆشگوزەران‌و ئاسوودەیان هەیە"، ئەمە سەرەڕای یاساکانی تاڵیبان کە مافی ژنانی بۆ خوێندن‌و چوونییان بۆ شوێنە گشتییەکان‌و کارکردن سەرکوتدەکات.

نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر وتوویەتی، دانپێدانان بەتاڵیباندا وەکو فەرمانڕەوای ئەفغانستان مەحاڵ دەبێت لەکاتێکدا کە کۆتوبەندەکانی سەر ژنان‌و کچان وه‌كو خۆیان ماونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ وڵاتێک دانی نەناوە بەتاڵیباندا، زۆرێک لەوڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییان هەیە لەگەڵیدا.


#جیهان