رۆژهەڵاتی ناوەراست

وێنه‌یه‌كى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌را ده‌نێته‌وه‌

26/08/2024

ده‌نگوباس:

لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەکی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگارەکانی (ئەسعەد عێدانی بەسرە، نەسیف جاسم خەتابی کەربەلا، محەمەد جەمیل مەیاحی واست) بڵاوبوەتەوە کە بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێن لەکەربەلا گرتویانه‌، زۆرێک لەشرۆڤەکاران‌و چاودێران پێیانوابوو، ئەگەر وێنەکە بێ مەبەستیش چرکێنرابێت، ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ هاوپەیمانیی داهاتووی سودانی لەگەڵ ئەو سێ کەسە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان کە بڕیارە کۆتایی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.


سودانی کە لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە" پاڵپشتیکرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، پێناچێت پەیوەندییەکانی زۆر بەجۆش بێت لەگەڵ چوارچێوە تەقلیدییەکەوە، هەرچەندە باس لەوەدەکرێت، سودانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی عەسایب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی هەیە، بەڵام کەسانێک دەیسەلمێنن، کە پەیوەندیی سودانی‌و نوری مالیکی گرژیی زیاتری تێکەوتوە.

دەرکەوتنی سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەو پارێزگارانه‌ دەتوانرێت بەگریمانەی هاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێ لێکبدرێتەوە، کە سودانی خۆی بۆی ئامادەدەکات.

سەرکردەیەک لەدەوڵەتی یاسا بەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وتوه‌، "وێنەکە بەبێ دوودڵی، ئاماژەیە بۆ هاوپەیمانیی هەڵبژاردن لەنێوان سودانی‌و ئەو سێ پارێزگارە، هەروەها سیماکانی ئەم هاوپەیمانییە پێش‌و دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەرکەوت، کە لەمانگی کانونی دوەمی ساڵی ڕابردودا بەڕێوەچوو، چونکە ئێمە بینیمان سودانی لایەنگرییەکی ڕونی هەیە بەرامبەر بەو پارێزگارانەی کە زۆرترین دەنگیان لەپارێزگاکانیان بەدەستهێناوە".

 لەوەتەی ئەو سێ پارێزگارە، زۆرینەی کورسییەکانی پارێزگاکانی (بەسرە، کەربەلاو واست)یان بەدەستهێناوەو باڵادەستییان بەسەر حکومەتە خۆجێیەکان‌و ئەنجومەنەکانیاندا هەیە، نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییە نوێیەکانی شیعە دەکەن، هەروەها مەترسی ڕاستەقینەیان لەسەر کوتلە شیعە تەقلیدییەکاندا هەیە.

شرۆڤەکاران ئاماژە بەوەدەکەن، کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی فیدراڵی بۆ هەرسێ پارێزگاکە 48 کورسییە، بەگوێره‌ى دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لەساڵی 2022 کراوە، هەروەها یەکێک لەسەرچاوەکان دەڵێت، "ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگرین کە سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتیی دەکات، ڕەنگە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا نیوەی کورسییەکانی پێکهاتەی شیعە کە دەکاتە نزیکەی 75 کورسی، بۆ ئەم هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوەبێت".


#عێراق