ده‌نگوباس:
ئه‌مینداری گشتی پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعشه‌وه ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هێشتا داعش مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئاساییشی عێراق‌و ناوچه‌كه"، ده‌شڵێت:"نزیكه‌ی 15 هه‌زار چه‌كدارو فه‌رمانده‌ی داعش، له‌نێو زیندانه‌كان خه‌ریكی خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ن".
فه‌ریقی یەکەم جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی وتووه، "داعش تائێستاش هه‌ڕه‌شەیە له‌سه‌ر ئاساییشی عێراق‌و سووریا‌و زۆربەى وڵاتەکانى دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستى وەکو میسر‌و ئێران".
ده‌شڵێت:"پێموایە داعش هەڕەشەى بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپاو ئه‌فریقاش هەیە، ڕاستە له‌كۆتایی ساڵی 2017 ئه‌و ئیمارەته‌ی داعش له‌عێراق‌و سووریا دایمه‌زراندبوو له‌ناوچوو، به‌ڵام هێشتا داعش وه‌ك ڕێكخراوێکى تیرۆریستی ماوه".
باس له‌وه‌شده‌كات، "لەبەرئەوەى داعش گۆڕانكاریی دروستكردووه‌و به‌شێوه‌ی گرووپی بچووك بچووك له‌عێراق‌و سووریا‌و زۆر وڵاتی ئەوروپا جووڵه ده‌كات‌و به‌رده‌وامه له‌سه‌ر كرده‌وه تیرۆرستییه‌كانی، داعش ئێستا به‌جۆرێكی جیاواز له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی چه‌قۆو ئۆتۆمبێل‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ده‌ستی خۆی ده‌وه‌شێنێت‌و بەهێزە".
به‌وته‌ى جه‌بار یاوه‌ر، "له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش هاوپه‌یمانێتییەکى نێوده‌وڵه‌تی به‌به‌شداری 70 وڵات دژى داعش دروستبوو، به‌ڵام ئێستا هاوپه‌یمانێتییه‌ك نییه بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی فكری داعش، ئه‌مه‌ش هۆكاره تا داعش بتوانێت بیروباوەڕە تیرۆریزمییەکەى له‌ناو مێشكی زۆر كه‌س بڵاوبکاتەوە، جگە لەمە داعش په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامیشی له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه هەیە کە هه‌ڵگری هەمان بیروباوەڕن".
باس له‌مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ش ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"هه‌بوونی هه‌ندێ كه‌مپی وه‌ك هۆل، بۆمبی ئاماده‌كراون، به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانیش هه‌زاران كه‌سی تێدا ده‌ژیین‌و هه‌ڵگری فكری داعشن، به‌پێی ڕاپۆرتێك 30هه‌زار گه‌نج له‌و كه‌مپانه به‌ره‌و ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی ده‌ڕۆن کە كه‌سوكاری داعشن، هۆكارێكی دیكه‌ی مانه‌وه‌ی داعش ئه‌و وڵاتانه‌ن کە داعشیان لێوه هاتووە، ئاماده نین چەکدارە داعشەکان وەربگرنەوە".
ئه‌وه‌شى وت:"مه‌ترسییه‌كى دیكه‌ى به‌هێزبوونی داعش بۆ ئەو هه‌موو بەندکراوانە ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌زیندانه‌كانی عێراق‌و سووریا‌و وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌ن‌و به‌گوێره‌ى ئاماره‌كان 10 هه‌تا 15 هه‌زار چه‌كدارو فه‌رمانده‌ی داعش له‌ناو زیندانه‌كان هەنەو خه‌ریكی خۆ ڕێكخستنەوەن".
#باشووری کوردستان