دهنگوباس:
سهرۆكى خولى پێنجهمى پهرلهمانى كوردستان لهسهر بڕیارى دامهزراندنى مامۆستایانى وانهبێژ بهگرێبهست لهلایهن سهرۆكى حكومهتهوه ههڵوهستهى كردو ڕایدهگهیهنێت، "لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندیان تەنها پێویستیان بەواژۆیەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەبوو، ئامادەنەبوو بیکات"، دهشڵێت:"ئەوکات بۆ چەواشەکردنی نوێنەرانی مامۆستایانو ڕای گشتی، بەرەو پەرلەمان ئاراستە دەکران".
ڕێواز فایەق سهرۆكى خولى پێنجهمى پهرلهمانى كوردستان ڕایگهیاند، "ڕاستی ئەگەر درەنگیش بێت هەر دەرەکەوێت، بهڵام پیرۆزبایی دامەزراندن لەهەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەیان لێ دەکەم".
سهرۆكى پهرلهمانى كوردستان وتوویهتى، "ئێستا، هیوادارم ئەو ڕاستیە ڕوونبووبێتەوە کە مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندیان تەنها پێویستیان بەواژۆیەکی سەرۆکی حکومەت هەبوو کە لەپێنج ساڵی ڕابردوو ئامادە نەبوو بیکات، ئێستاش ئەگەرچی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بێت، گرنگ ئەوەیە کە کراوەو مامۆستایان لەدڵەڕاوکێو نادیاری چارەنووسیان ڕزگاریان دەبێت".
باسى لهوهشكردووه، "ئەوکات؛ کە بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەیانو پاراستنی حکومەتو چەواشەکردنی نوێنەرانی مامۆستایانو ڕای گشتی، بەرەو پەرلەمان ئاراستە دەکران، ئێمە لەدانیشتنی فەرمی پەرلەمان ڕامانگەیاند، دامەزراندن لەدەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەتەو دەبێت ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن، لەبەرئەوەی یاسای بودجەی گشتی نەهاتووەتە پەرلەمان، ئەگەر هەر 111 پەرلەمانتارەکەش دەنگبدات بەدامەزراندنیان تەنانەت یەک کەسیش دانامەزرێت".
بۆ ئهو قسهیهشى دهڵێت:"ئەوە ڕاستیەکە بوو، ڕاستە زۆرتاڵ بوو بۆ ئەوکات، بەڵام لەدرۆیەکی کاتی چێژبەخش زۆر باشتربوو، ئەوە ڕێگە دروستەکە بوو، بەڵام هەزاران هەزار جنێوو قسەی ناشیرینمان لەسەر ئەو ڕاستی وتنە پێوترا، چەندین وتارو هەواڵ لەسەر ئەو ڕاستگۆییەمان ئامادەکرا، پەشیمان نەبووم، تەنانەت ئەوکاتیش بەنزیکەکانمم وت، خوایەک هەیە، لەهەمووان گەورەترو بەدەسەڵاتترو باڵاترە، ئەو دەبینێت کە بەندە تەنها ڕاستیەکەم ووتوە، بۆیە یەک ڕوونکردنەوە نادەم، سەبر دەگرمو چاوەڕێدەکەم خوای گەورە کە ئاگای لەهەموو شتە، ڕۆژێک ئەم ڕاستیە ئاشکرابکات، حسبی الله و نعم الوكیل".
وهكو ڕێواز فایهق باسیكردووه، "لەکۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان، کە زیاتر لەسێجار لەگەڵیان کۆبووینەوە، پێمان وتن: تکایە ئاراستەی فشارەکانتان بگۆڕن بۆسەر حکومەت، نێوان پەرلەمانو ئەنجومەنی وەزیران تەنها چەند مەترێکە، گردبوونەوەکانتان ببەنە ئەوێو دەرفەت مەدەن موزایەدەچییەکان داوا ڕەواکانتان بەلاڕێدا ببەن، دۆسیەی ئێوە واژۆیەکی سەرۆکی حکومەتی دەوێتو بڕۆن لەوێ فشاربکەن، هاندانتانو هاتنتان بۆ پەرلەمان بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر حکومەتو ئاراستەکردنی هەڵمەتی میدیاییە بەرەو پەرلەمان کە شوێنە ڕاستەکەی چارەسەرکردنی دۆسیەکەتان نییه".
لهكۆتاییدا جهختیكردووهتهوه، "سوپاس بۆ خوا دەرکەوت ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆمان ڕاستگۆبووین، کات کەفیلەو خوای گەورە زۆر ڕاستی دیکەش لەزۆر دۆسیەی دیکە دەرەخاتو دڵنیاشم یەک یەک بتەکان، پۆپۆلیستەکان، نووسەرەکانی دەربار، بەناو ڕۆژنامەوانە ئاراستەکراوەکانو ئەوانەشی پارەداریان دەکەن، دەکەون، سەرکەوتووبێت ئیرادەی هەموو ئەو چینو توێژانەی کە لێبڕاوانە خەباتی مەدەنی بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان ئەکەن، شەرمەزاریی بۆ ئەوانەی ئاراستەی ڕاستەقینەی داخوازیەکان بەلاڕێدا ئەبەنو چەواشەکاریان کردوەتە کەرەستەی شەرمهێنەری کارکردن".
#باشووری کوردستان