کوردستان

یەکێتی لەجوڵەکەی حەشد ئاگاداربووبێت کارەساتە، گەر ئاگاداریش نەبووبێت کارەساتەکە گەورەتر!

25/08/2024

دەنگوباس:

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ سنووری گەرمیان دەستگرتن بەسەر بیرەنەوتێکدا بووە هەواڵی بەپەلەی میدیای هەرێمی کوردستان.


تا ئەو کاتەی هەواڵەکە بڵاوکرایەوە، زیاتر لە شەش کاتژمێر بەسەر پەلهاویشتنەکەی حەشدی شەعبیدا تێپەڕببوو و تەنانەت هێزێکی پۆلیسی نەوت و غازیشیان دەستبەسەرکردبوو و لە پۆلیسێکیش درابوو.

هەموولایەک بێدەنگبوو تا ئەو کاتەی میدیای پارتی بڵاویکردەوە کە حەشدی شەعبی بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی دەستی بەسەر بیرەنەوتێکدا گرتووە و پەیتا پەیتا زانیاریشیان لە بەرپرسانی هێزەکەی حەشدەوە بڵاودەکردەوە کە ئەوان بە ڕێککەوتن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پێشڕەوییان بۆ سنوورێک کردووە کە لە ساڵی 2003وە بەدەست پێشمەرگەوەیە.

میدیای یەکێتی دوای هەموو کەناڵەکان و لە دەوروبەری کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە زاری "بەرپرسێکی باڵا"ی یەکێتییەوە بێئاگایی حزبەکەی لەو پێشڕەوییەی حەشد ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە حەشد بەبێ ئاگاداری ئەوان چوونەتە ناوچەکە و قبوڵیشی ناکەن.

یەکێتی لە نزیک نیوەڕۆدا هێزێکی کۆماندۆی بەرەو گەرمیان ڕەوانەکرد لە کاتێکدا کە نزیکەی حەوت کاتژمێر بەسەر جێگیربوونی حەشد لەو ناوچانە تێپەڕی بوو.

ڕووداوەکەی ئەمڕۆدا چەند ئەگەرێکی هێنایە پێشەوە کە یەکەمیان باس لەوە دەکرا، یەکێتی ڕێککەوتنی لەگەڵ حەشد هەبووە بۆ ئەوەی لەڕێی ئەو جموجوڵەوە لاوازیی پۆلیسی نەوت و غاز نیشان بدەن کە وەکو فەرماندەکەیان ڕایگەیاند تەنانەت چەکی مامناوەندیشیان پێ نییە، بۆ ئەوەی هێزی کۆماندۆ لە نزیک بیرەنەوتەکە جێگیربکرێت و لە ڕووی داراییەوە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا سوودمەندبن لە کۆمپانیایەکی ئیماراتی کە گرێبەستی پێشخستنی بیرە نەوتەکەی بۆ دەرچووە.

ئەگەری دووەمیشیان ئەوەیە کە یەکێتی ئاگاداری جموجوڵەکەی حەشد نەبووە، بەڵام لێرەدا مەترسییەکی گەورەتر دێتە پێشەوە کە چۆن دەبێت یەکێتی و هێز و دەزگاکانی دوای تێپەڕبوونی حەوت کاتژمێر بکەونە خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکانی هێڵی تەماس، خۆ ئەگەر بەو سستیە ڕووبەڕووی هەڕەشە ئەمنییەکان ببنەوە ئەوا دوور نییە کارەساتێکی هاوشێوەی شنگال لە هەر ناوچەیەکی دیکە دووبارەبێتەوە، بەڵام. ئەمجارە لە سنووری یەکێتی.

یەکێکی دیکەش لەو سیناریۆیانەی کە بە دوور نازانرێت ئەوەیە، جمجوڵەکەی حەشد هەر بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بووبێت، بەڵام ئەمەیان بۆ ئەوەی یەکێتی وەک هێزی بەرپەرچدەرەوەی حەشد و پارێزەری زۆنی سەوز نیشان بدرێت و بتوانرێت وەک بانگەشەیەکی پێشوەختی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت، چونکە بافڵ تاڵەبانی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ سەرکردەکانی حەشد هەیە و هەر لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە هاوکاری یەکێتییان کرد لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و چەند پۆستێکی ئیداریی لە پارێزگەی نەینەوا، بۆیە ئەستەمە حەشد ئەو جوڵەیەی لە دژی یەکێتی کردبێت.


#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان