جیهان

دواى ده‌ستگیركردنى پاڤێڵ ڕووسیا هاته‌ده‌نگ‌و هۆشداریده‌دات

25/08/2024

ده‌نگوباس:

دوو سەرچاوە بەڕۆیتەرزییان وتووه‌، پاڤێڵ دورۆڤی ملیاردێری ڕووسیی‌و خاوەنی بەرنامەی نامە ناردنی تێلیگرام لەفڕۆکەخانەی لو بۆرگێتی دەرەوەی پاریس دەستگیرکراوە، ئەوەش بەماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بەفڕۆکەیەکی تایبەت نیشتووەتەوەو دەستبەسەرکراوە.


دەستگیرکردنی دورۆڤی ملیاردێری تەکنەلۆژیا، بووە هۆی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا هۆشداری بداتە پاریس لەسەرئەوەی دەبێت دورۆڤ مافەکانی خۆی پێبدرێت.

فەڕەنسا بەفەڕمی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستنەکردەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی پۆلیسی فەڕەنساو سەرچاوەیەکی ڕووسیایی کە نەیویستووه‌ ناوی ئاشکرابکرێت وتوویانه‌، دورۆڤ بەماوەیەکی کورت دوای ئەوەی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەکە دەستگیرکراوە.

دورۆڤ کە ڕەگەزنامەی فەڕەنسایی‌و ئیماراتیشی هەیە، لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی پۆلیسدا دەستگیرکراوە لەسەرئەوەی گوایە ڕێگەیداوە بەڕوودانی کۆمەڵێک تاوان بەهۆی نەبوونی بەڕێوبەرەوە لەتێلیگرام‌و هەروەها هاریکارینەکردن لەگەڵ پۆلیسدا، ئەمەش بەگوێره‌ى سەرچاوەیەکی دیکەی پۆلیسی فەڕەنسا.

یاسادانەری ڕووسیایی ماریا بوتینا بەڕۆیتەرزی وتووه‌، "پاڤێڵ دورۆڤ زیندانییەکی سیاسییە، قوربانییەکی دەستی ڕۆژئاوایە".

بوتینا لەئەمریکا لەزینداندا بوو بەهۆی ئەوەی وەکو بریکارێکی تۆمارنەکراوی ڕووسیا کاریکردووە، پێیوایە دەستگیرکردنەکە لەچوارچێوەی هەوڵێکی ڕۆژئاوادا بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تێلیگرام.

تێلیگرام کە بنکەکەی لەدوبەیە، لەلایەن دورۆڤەوە دامەزرا کە لەساڵی 2014دا ڕووسیای بەجێهێشت دوای ئەوەی ڕازینەبوو پابەندی داواکارییەکان بێت بۆ داخستنی هەژمارەکانی ئۆپۆزسیۆن لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ڤی کەی، دورۆڤ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی فرۆشتووە.

تێلیگرام نزیکەی یەک ملیار بەکارهێنەری هەیەو زیاتر لەڕووسیاو ئۆکرانیاو وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت بەکاردەهێندرێت، یەکێکە لەگەورەترین سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و لەدوای فەیسبووک‌و یوتیوب‌و وەتسئەپ‌و ئینستاگرام‌و تیکتۆک‌و ویچاتەوە دێت.

دورۆڤ بیرۆکەی ئەپێکی نامەناردنی کۆدکراوی بۆ هات وەکو ڕێگەیەک بۆ پەیوەندیکردن بەوانی دیکەوە، لەکاتێکدا کە لەڕووسیا لەژێر فشاردا بوو، برا بچووکەکەی، نیکۆلای، دیزاینی کۆدکردنەکەی کرد.

دورۆڤ لەمانگی چواردا سەبارەت بەدەرچوونی لەڕووسیاو گەڕان بەدوای ماڵێکدا بۆ کۆمپانیاکەی لەبەرلین‌و سینگاپوورو سان فرانسیسکۆ وتی:"پێم باشترە ئازادبم وەک لەوەی فەرمان لەهەر کەسێکەوە وەربگرم".

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا، تێلگرام بووە سەرچاوەی سەرەکی ناوەڕۆکە بێ فیلتەر و هەندێک کات گرافیک و چەواشەکارەکان سەبارەت بە جەنگەکە و ئەو سیاسەتانەی کە لە دەوری جەنگەکەن.

هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن تێلیگرام " گۆڕەپانێکی شەڕی ئۆنلاینە " بۆ جەنگەکە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسەکانی و حکومەتی ڕووسیاوە بەکاردەهێندرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا تێبینییەکی ناردووە بۆ پاریس و داوا دەکات دەستی بگات بە دورۆڤ، هەرچەندە وتووشییەتی کە دورۆڤ ڕەگەزنامەی فەڕەنسایی هەیە.

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ وتی دورۆڤ لێکدانەوەی هەڵەی کردووە کاتێک لە ڕووسیا هەڵات و بیری لەوە کردبووەوە کە هەرگیز هاریکاریی ناکات لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەکانی دەرەوەدا.

مێدڤیدیڤ کە زۆر تێلیگرام بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن و سوکایەتیکردن بە ڕۆژئاوا، وتی دورۆڤ دەیویست ببێتە " پیاوێکی زۆر زیرەکی جیهان کە زۆر بە خۆشی لە دەرەوە دەژی بەبێ خاکی دایک."

مێدڤیدیڤ وتی " ئەو لێکدانەوەی هەڵەی کرد. بۆ هەموو دوژمنە دیارەکانی ئێستامان، دورۆڤ ڕووسیاییە، لەبەرئەوەش پێشبینی نەکراو و مەترسیدارە."

ڕووسیا لە ساڵی 2018 دا دەستیکرد بە قەدەغەکردنی تێلیگرام دوای ئەوەی تێلیگرام ڕەتی کردەوە پابەندی فەرمانێکی دادگا بێت بۆ ڕێگەدان بە دەستڕاگەیشتنی دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیا بە نامە " کۆدکراوەکانی " بەکارهێنەرەکانی.

ئەو قەدەغەکردنە کاری کردە سەر خزمەتگوزارییەکانی لایەنی سێیەم، بەڵام کاریگەرییەکی کەمی هەبوو لەسەر بەردەستبوونی تێلیگرام لە ڕووسیا. بەڵام بڕیاری قەدەغەکردنەکە بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە مۆسکۆ و ڕەخنەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.

بەپێی میدیاکانی فەڕەنسا و ڕووسیا، دورۆڤ کە لە دوبەی دەژی لە ئازەربایجانەوە گەشتی کردبوو بۆ فەڕەنسا و لەوێ دەستگیرکراوە.

تێلیگرام دەڵێت " پابەندە بە پاراستنی تایبەتمەندی بەکارهێنەران و مافەکانی مرۆڤی وەکو ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەوە."

دورۆڤ پێشتر دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکای تۆمەتبار کردبوو بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ناو تێلیگرام.

زیادبوونی ناوبانگی تێلیگرام وای کردووە لە چەندین وڵاتی ئەوروپادا ڕووبەڕووی وردبینی ببێتەوە، بە فەڕەنساشەوە کە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایش و دزەکردنی داتاکان.

ئیلۆن مەسکی خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوای هەواڵەکان لەسەر دەستگیرکردنی دورۆڤ وتی " ساڵی 2030 ە لە ئەوروپا و لەسەر لایک کردنی میمییەک لە سێدارەدەدرێیت."

لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە مۆسکۆ، خۆپیشاندەرێک بە تەنها دروشمێکی بەرز کردبووەوە و لەسەری نوسرابوو " پاڤێل دورۆڤ ئازاد بکەن."


#جیهان