رۆژهەڵاتی ناوەراست

سبه‌ینێ له‌دوو پارێزگاى عێراق ده‌وام ڕاده‌گیرێت

25/08/2024

ده‌نگوباس:

بۆ تەواوکردنی ڕێوڕەسمەکانی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن، سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ له‌دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق لەهەردوو پارێزگای بەغداو بەسرە بۆ ڕۆژێکی دیکەش ڕاگرتنى ده‌وام درێژکرایەوە.


دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بڕیاریدا له‌دامودەزگاکانی شارەکە سبەینێ دووشەممە ده‌وام ڕابگیرێت، هاوکات ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرەش هه‌مان ئه‌و بڕیاره‌ى ده‌ركردو ده‌ڵێت:"سبه‌ینێ ده‌وام لەدامودەزگاکانی پارێزگاکە ڕاده‌گیرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردووەوە، لەزۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراق ده‌وام ڕاگیراوه‌ بەهۆی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن‌و هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاران لەوڵاتانی دەرەوە.

بەگوێره‌ى ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمساڵ زیاتر لەسێ ملیۆن زیارەتکاری شیعە لەوڵاتانی ئێران، پاکستان، ئەفغانستان، تورکمانستان‌و وڵاتانی کەنداو هاتوونەتە عێراق بۆ بەشداریکردن لەڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لەکەربەلا.


#عێراق