دەنگوباس
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلێگرام لە فڕۆکەخانەیەکی باکووری پاریس لەلایەن پۆلیسی فەڕەنسا دەستگیر کرا.
میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویان کردەوە، شەوى ڕابردوو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلیگرام پاڤێل دورۆڤ لە کاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی لی بۆرگێت بە فڕۆکە تایبەتەکەی خۆی لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە دەستگیر کراوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، پاڤێل دورۆڤ-ـی تەمەن 39 ساڵ کە بەڕەگەز ڕووسییە و هەڵگری ناسنامەی فەڕەنسییە، دەستگیرکردنەکەی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی وەک: ساختەکاریی، هەراسانکردنی ئەلکترۆنی، بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، تاوانی ڕێکخراو و بانگەشە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بووە، کە لە تێلیگرامەوە بەبێ هیچ ڕێگریی و قەدەغەیەک ئەنجام دراون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تاسی دەوڵەتی ڕووسیا، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە فەڕەنسا "هەنگاوی خێرا" بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخەکە دەگرێتەبەر.