رۆژهەڵاتی ناوەراست

بانكى ناوه‌ندیى 14 بانك له‌دۆلار بێبه‌ش ده‌كات

24/08/2024

ده‌نگوباس:

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات‌و جێگرەکەشى ئه‌و سەردانە بەڕۆتینیی وەسفدەکات‌و ڕاوێژکارێکی سوودانیش دەڵێت، ئەرکی بانکی ناوەندییە دانوستاندن بۆ هەڵگرتنی سزا ئەمریکییەکانی سەر بانکە عێراقییەکان بکات، بانكه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"14 بانك له‌پێدانى دۆلار بێبه‌شكراون".


عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، "کۆتایی ئەم مانگە، وه‌فدێكى بانکی ناوەندیی بەسەرۆکایەتیی عەلی عەللاق سەردانی ئەمریکا دەکات‌و چەند پرسێک سەبارەت بەپەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات تاووتوێدەکەن".
 
به‌وته‌ى عەممار، "سەردانەکە ڕۆتینی دەبێت، بەڵام هیوادارین بتوانین بەدەستکەوتی باشەوە بگەڕێینەوەو پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا پتەوترو باشتر بکەین".
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، هه‌ینى ڕابردوو، مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتى، "بانکی ناوەندیی بەگوێرەی ئەو بەرپرسیارییەتییەی لەسەر شانییەتی، پێویستە دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا بکات بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بڕیاری بێبەشکردنی بانکە عێراقییەکان لەمامەڵەکردن بەدۆلار هەڵبوەشێنێتەوە یان کەمیان بکاتەوە، ئەوەش ئامانجێکی سەرەکیی سەردانەکەی پارێزگار دەبێت، چونکە ئەو بڕیارە کاریگەریی زۆری لەسەر سیستەمی دارایی عێراق هەبووەو لەداهاتووشدا ئەو کاریگەرییە زیاتر هەستی پێدەکرێت".
 
ڕاوێژکارەكه‌ى سودانى ئه‌وه‌شى ڕاگەیاند، "ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی ساڵی 2008ی نێوان عێراق‌و ئەمریکا، چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت بۆ بەردەوامبوون‌و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا؛ تەوەری ئابووری‌و هاوکاریی دارایی‌و بانکی یەکێکە لەو تەوەرانەیە کە لەڕێککەوتننامەکەدا جەختیان لەسەر کراوەتەوە، کە ئەوەش بەئامانجی قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەی نێوان هەردوو وڵاتە".
 
5ی شوباتی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێبەشکراون لەمامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراق‌و کوردستانی تێدایەو بریتین لەبانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانیی حامورابی.
 
رۆژی 20-07-2023ـیش، بانکی ناوەندیی عێراق ناوی 14 بانکی بڵاوکردەوە کە بێبەشکراون لە مامەڵەی دۆلار کە بریتیبوون لە:
 1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
7- بانکی عەبرە عێراق بۆ وەبەرهێنان
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی  ئیسلامی
10- بانکی سۆمەری بازرگانی
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
12- بانکی دارایی ئیسلامی
13- بانکی (العالم)ی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن


#دۆلار