کوردستان

داناى ئه‌حمه‌د مه‌جید ده‌بێته‌ ڕێکخەری گۆڕان

24/08/2024

ده‌نگوباس:

بزووتنەوەی گۆڕان پێش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێکخەری گشتی هەڵدەبژێرێت، دانا ئەحمەد مەجید پارێزگاری پێشووتری سلێمانی دەبێتە ڕێکخەر.


سەرەتای ئەمساڵ بزووتنەوەی گۆڕان دووەمین کۆنفرانسی ناوخۆیی سازکردو 32 باژێڕوانی وەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژارد، بەڵام ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێکخەری گشتی هەڵنەبژێردران.

دلێر حوسێن ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بەمیدیاى پارتى وتووه‌، "بەر لەهەڵبژاردن پێویستمان بەنوێکردنەوەی ئۆرگانەکان هەیە، چاوەڕواندەکرێت پێش هەڵبژاردن کارەکانی کۆنفرانسی دووەم تەواوبکرێن".

ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێکخەری گشتی هەڵدەبژێرن، میدیاى پارتى ده‌ڵێت، دانا ئەحمەد مەجید کە دۆستێکی نزیکی نەوشیروان مستەفا بوو، زۆرترین پاڵپشتی هەیە،  هەردوو باڵە سەرەکییەکەی نێو گۆڕان (باڵی کوڕانی نەوشیروان مستەفاو باڵی عومەری سەید عەلی) لەسەری کۆکن‌و دەبێت بەسێیەمین  ڕێکخەری بزووتنەوەکە.

دوای زیاتر لە 10 ساڵ، مانگێک پێش ئێستا دانا ئەحمەد مەجید لەئەوروپا گەڕاوەتەوە سلێمانی، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکات بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو بزووتنەوەی گۆڕانه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "تائێستا هیچ کەسێک بەفەرمی بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی خۆی كاندید نەکردووە، تائێستاش کات بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی دیارینەکراوە، هەر کاتێک کاتی کۆبوونەوەکە دیاریکرا، 10 ڕۆژ پێشتر دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە".


#گۆڕان