بیروڕا

پەلەکردن و بەهەڵەدابردنی ڕایگشتیی ؟

24/08/2024
ئەرسەلان ڕەحمان

ئەمە جاری یەکەم نیە، پەیجی دەزگایەکی ئەمنیی دەکەوێتە هەڵەوە، ڕایگشتیی ناوخۆیی بەلاڕێدا دەبات، زانیارییەکان دەشێوێنێت، زانیاری فەیک، (ناڕاست و چەواشەکراو) بۆ مەبەستی ژەهراویکردنی سیاسیی و ئەمنیی بڵاودەکاتەوە، ژمارەیەک کەناڵی ئەمبەر و ئەوبەریش بە شوێنیدا هەمان زانیاری چەواشەکراو و شێوێندراو و ساختە بڵا‌ودەکەنەوە.

ئەرکی دامەزراوەی ئەمنی نیشتمانیانە، خزمەتکردنی وڵات و بەرگریکردنە لە تاکەکانی، پێشخستنی بنەماکانی یەکخستنەوەی وڵات و سڕینەوەی ناکۆکی و کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان خەڵک و دامەزراوەکانە. نەک پێچەوانەکەی.

لە پێنجوێن، درۆن بۆردومانی کرد، پێش هەموو لایەک دەزگایەکی ئەمنی  ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە و وتی چەکدار بوونە، دواتر دەرکەت، نەک چەکدار نەبوون، بەڵکو فێرخواز بوون و بەڕێگەوە بوون بۆ خوێندنەکەیان. 

دوێنێش بە پەلە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران"".  دوای نیشتنەوەی تۆزی ڕووداوەکە، دەرکەوت میدیاکار و ڕۆژنامەنووسبوون نەک چەکدار، کاری مەدەنیان کردووە، نەک چەکداری، وەک ئەوەی باوکی نیگار باسیکرد، "کچەکەی تەنیا کاری مەدەنی و میدیایی کردووە".

پرسیاری گەورە لەسەر ناسنامەی دەزگاکان دروست دەبێت، کاتێک، دەبینیت پێش وەزارەتی بەرگری تورکیا، پێش دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە، پێش هێزی ئاسمانی تورکیا، پەیجی دەزگایەکی کوردی زانیاری چەواشەکراو بڵاودەکاتەوە.

بڵاوکردنەوەی خێرا و تۆمەتبارکردن و بەلاڕێدابردنی زانیارییەکان لە کاتێکدایە، هێشتا تورکیا وەک دەوڵەت، بەرپرسیارێتییەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، کەچی دەزگایەک ڕاستەوخۆ دەڵێت "درۆنی تورکیا" بووە، ئەمە لە دنیای میدیا و سیاسەتیشدا لادانێکی قووڵی کارکردن و جووڵەیەکی نابەرپرسیارانەیە. 

ئەو جۆرە دەزگایانە هەقە تێبینی ئەوە بکەن، جیاوازی هەیە لە گرتنە ئەستۆی کردەیەک و درانەپاڵی تۆمەتێک، یاخود هەڵبژاردنی بێدەنگی و هاتنەدەنگ.

ئەمجۆرە بێدەنگییەی تورکیا و قسەکردنی دەزگایەکی ناوخۆیی و قسەکردن لە بری ئەو، خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت، بەشێک بێت لە دابەشکردنی ڕۆ‌ڵ و سپاردنی ئەرک بێت بە دەزگاکە بە مەبەستی دروستکردنی ژاوەژاوی میدیایی، شێواندنی زانیارییەکان، خۆدەربازکردن و خۆدزینەوەی بکەری ڕاستەقینە لە بەرپرسیارێتی یاسایی و لێکەوتەکانی ئەو جۆرە کردەوانە. 
هەقوایە بەرپرسانی ئەو جۆرە دەزگایانە ڕێگە نەدەن کاری سەرپێیانە ناسنامەیان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

خاڵێکی دیکە، دەزگاکە سەرتاسەری نیە، جوگرافیای سلێمانی ناکەوێتە چوارچێوەی ڕووماڵییەوە، ئەتەکێتی کارکردنی دامەزراوەیی ئەوەیە، دەزگای ئەمنیی ناوچەکە قسەکەری ڕەسمی بێت، یان پشت بە ڕاپۆرتی ئەو ببەسترێت.

هەروەها ئەو جۆرە کارکردنە، ڕەچاونەکردنی بنەماکانی ئیدارە و پێشێلکردنی سەروەری دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتدارێتییە، بە نموونە یەکە کارگێڕییەکان، پۆلیس و ئاسایش و نەخۆشخانەکانی ناوچەکە، ئەوان لە پێشترن قسە لە بارەی ڕووداوەکەوە بکەن، نەک دەزگایەکی دیکە، کە ڕێگەپێدراو نیە سنووری دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دیکە ببەزێنێت.

ئەم جۆرە کارکردنە بێ پەروایە، ئاوکردنە ئاشی دیکەیە، چونکە هیچ خزمەتێکی حکومەت و ئەو کابینەیەش ناکات، کە دەزگاکە خۆی بە خەمخۆری سەرەکی دەزانێت، بەو پێیەی لە شکۆی حکومەت دەدات و دامەزراوەکانی بێ بەها و بێ کاریگەر دەکات و مۆرکی حکومەتدارێتی لێ دەسێنێتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە تاک هەست بە بوونی حکومەت نەکات و هیچ گومانێکیان نەمێنێت، کە ئەوەی دەگوزەرێت یارییەکی هەواڵگرییە و حکومەت دەستەوەستانە لە ئاستی و ئەم بەشەی حکومەت خۆی بە خاوەنی ئەو بەشەی دیکەی نازانێت.

دەرکردنی ڕاگەیەندراوی ئەمنیی بەرپرسیارێتییەکی گەورە و هەستیارە، دەبێت بە وردی پایدۆزی زانیاری بۆ بکرێت، بە هەستیاری و وردبینییەوە وشە و دەستەواژەی بۆ بەکاربهێنرێت. نەک تەنیا قسەڕیزکردن و تۆمەتبەخشینەوە و ساختەکردنی زانیاری. 

ئەوەی زۆر بۆ دەزگای ئەمنی گرنگە، متمانەیە، کاتێک دەزگایەک متمانەی لای خەڵک نەما، ئیدی وەک دەزگا سەیری ناکرێت. خەڵک ناتوانێت هەست بکات بەشێکە لە خۆی، ناشتوانێت متمانەی پێ بکات و بە پارێزەری خۆی بیزانێت. 

گرنگە ئەوانەی قسەڕۆیشتوون لەوە حاڵیبن، هیچ کاتێک زانیاری ساختە و چەواشەکراو (فەیکنیوز) و ژەهراویکردنی ژینگەی هەواڵ و زانیاری متمانە بەرهەمناهێنن. بوون بە وتەبێژی خەڵکی دیکە و لایەنی دەرەکیش، هیچ کەس و لایەنێک ناکاتە پێشەنگ لە بڵاوکردنەوە.