دهنگوباس:
پهرلهمانتارێكى پارتى لهلیژنەی نەوتو غازى پهرلهمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بەردەوام ڕێگریی دەکات لەدووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی كوردستان هەرچەندە پێویستییەکی زۆریشی بەداهاتی نەوتی ھەرێمی کوردستانە.
د.سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوتو غاز لهپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق خەمساردە لەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانو دەیەوێت تەنها نەوتی ناوچەكانی دیكەی عێراق بڕواتە دەرەوە.
ئاشکراشیکرد، ”عێراق ئێستا تەنها لەڕێگەی بەسره نەوت دەفرۆشێتو نایەوێت 400 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم ھەناردەی دەرەوەی بکات، بەڵام لەڕاستیدا نابێت ھیچ وڵاتێک تەنها پشت بەیەک ڕێگهی ھەناردەکردنی نەوت ببەستێت، ئەویش تەنها لەڕێگەی بەسرهوه بێت، پێویستە لەڕێگەی تورکیاش دەستپێبکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێک ھەبێت ڕێگهی دیکەمان ھەبێت، بۆیە عێراق بەئەنقەست ئەوە دوادەخاتو پێیانخۆش نییە دەست بەهەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە بكرێتەوە".
دهشڵێت:"بەگوێرهى یاسای بودجە، دەبێت عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆنو 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەبکات، لەسەر ئەو پرسە کێشەی گەورە لەنێوان عێراقو ڕێکخراوی (ئۆپیک)دا ھەیە، بەھۆی ئەوەی عێراق پابەندی ئەو بڕە نییە کە بۆی دیاریکراوە کەمبکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان دەڵێن، نابێت بەرھەمھێنانی نەوت لەوە زیاتربێت لەعێراق، چونکە ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لەعێراق چوار ملیۆنو 600 ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە".
ئهوهشى وت:"ئەمە سەرووی ئەو ڕێژەیەیە بۆ عێراق دیاریکراوەو ملیۆنێک بەرمیل زیادە کە عێراق ملیۆنێک بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکاردێنێت بۆ بەنزینو سووتەمەنی دیکە، بۆیە گرنگە بەھۆی ئەو بڕیارەوە بەرھەمھێنان کەمبکاتەوە، ھەر بۆیەش عێراق خەمساردە لەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنها نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە".
#نەوت