دەنگوباس
خەڵکیی سلێمانی هاوشێوەی پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەستوو پەنجەیان لەگەڵ بێ مووچەیی، نەبوونی خزمەتگوزاریی و کێشە ئەمنییەکان نەرم کردووە، بەڵام ئێستا نەخۆشیی کۆلێراشی هاتووەتەسەر.. لە سلێمانی چی ڕوودەدات؟
"نەخۆشی کۆلێرا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و ئهمڕۆش هیچ حاڵەتێکی كۆلێرا تۆمار نەکراوە" ئەمە لێدوانی د.ڕێکەوت حەمە ڕەشید وەزیری پێشووتری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ساڵی 2012 لەمیانەی سەردانێکیدا کە بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، بەڵام ئەوەتا دوای 12 ساڵ لەو قسەیەی وەزیری ئەوکاتەی تەندروستی، نەخۆشی کۆلێرا بەرۆکی ئەم سنورە بەرنادات.
لە پێناسەیەکی کورتی ئیداریدا پزیشکان و پسپۆڕان دەڵێن، نەخۆشیی کۆلێرا لە هەر وڵاتێکدا بوونی هەبێت، پەیوەندیی هەیە بە بوونی گەندەڵیی لە سێکتەری تەندروستیی ئەو وڵاتەدا.
دوو ساڵی بەر لە ئێستا لە سلێمانی نەخۆشیی کۆلێرا بڵاو بوەوە، تەندروستی شارەکە باری لەناکاوی ڕاگەیاند، بەڵام ئەوەش نەبووە هۆی بنەبڕکردنی یەکجارەکیی ئەو نەخۆشییە، کە ساڵانێکی زۆر بوو شاری سلێمانی جێهێشتبوو.
کۆلێرا سەرچاوەکەی تەنیا ئاوی پیسە، ئاوی پیس یان بەڕاستەوخۆ بەکاردەهێندرێت یان بە ناڕاستەوخۆ، بۆنموونە کاتێک بۆ هەر جۆرە خواردنێکی دیکە ئامادەدەکرێت، ئەو ئاوە بەکاردەهێندرێت کە پاك نییە، ئەوەش بۆ سلێمانی کە بەرپرسەکانی زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کێشەی ئاویان نییە، وا دەرنەچووە، ڕاستە شارەکە کێشەی ئاوی نییە، بەڵام کێشەیەکی مەترسیدارتری هەیە ئەویش نەبوونی ئاوی پاکە کە سەرچاوەی دەیان نەخۆشییە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە زۆرجار وەك سەرۆك وەزیرانی زۆنی سەوز ناوی دەهێندرێت، نەیتوانیوە ڕێگریی بکات لەو کێشە ئیدارییانەی لە کەرتی تەندروستیی شارەکەیدا هەیە، زۆرێك لەو شوێنانەی بە ئاوی قورس ئاوی سەوزە و میوەکان دەدەن و دواتر ئەو سەوزە و میوانە دەخەنە بازاڕەوە، حکومەتی خۆجێی سلێمانی نەیتوانیوە ڕێگرییان لێبکات.
سلێمانی بەدەست دەیان کێشەوە دەناڵێنێت، نەبوونی مووچە، نەبوونی هەلی کار، پەککەوتنی بازاڕ و قۆرخکاریی، تێکدانی ژینگە، نەبوونی خزمەتگوزاریی، ئەوە ئێستا کۆلێراش بۆ خەڵکی شارەکە زیاد بووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەسەڵاتداری زۆنی سەوزە، لەڕێگەی میدیا و بەرپرسەکانیەوە دەیەوێت وێنەی سلێمانی بەشێوەیەک نیشان بدات، کە شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنەی نییە.
قوباد تاڵەبانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دامەزراوەیەکی بۆ داهێنان لە سلێمانی کردەوە، بەڵام شارەکە بەدەست بێ داهێنانی لە شێوازی بەڕێوەبەردنی سلێمانیەوە دەناڵێنێت. کاتێکیش کەسێك، یاخود میدیایەک ڕەخنە لە شێوازی حوکمڕانیی لە سلێمانی دەگرێت.
ئێستا کە کەمتر لە دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە، یەکێتی دەیەوێت کەموکوڕییە ئیداریی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی بشارێتەوە و باسی ئەوە دەکات، سلێمانی ئێستا زۆر جیاوازە لە ڕابردووە، بەڵام لەوەدا بەرپرسانی یەکێتی لەسەر هەقن، چونکە لە ڕابردوودا کۆلێرا نەبوو، بەڵام ئێستا هەیە، لە ڕابردوودا کەمە خزمەتگوزارییەك هەبوو، ئێستا نییە.
سەباح هەورامی داوا لە هاووڵاتیان دەکات: "بەهیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكارنەهێنن كە لەلایەن قایمقامیەتەوە رێگاپێنەدراوە و ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن". بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ ئەرکی حکومەتە ڕێگریی لە سەوزەی نەشیاو بکات یان هاووڵاتی؟
تەندروستیی سلێمانی پشکنینیان کردووە و تێیدا دەرکەوتووە کە "ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاونین" کەواتە ئەرکی تەندروستی شارێکی دوو ملیۆن کەسیی چییە، کە نەتوانێت ڕێکار بەرامبەر ئەو شوێنانە بگرێتەبەر، کە بە ئاوی قورس سەوزە و میوە ئاودەدەن.
پزیشکان بۆ خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە داوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دەکەن:
- بەبەردەوامی دەستت بە سابوونی شل بشۆ، بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ و دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش.
- تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانتان بە بەردەوامی پاک بکەنەوە.
- سەوزە و میوە بەباشی بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆ پێش ئەوەی بیخۆی.
- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان مەخۆ.
- دڵنیابەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.