کوردستان

یه‌كێتى گه‌شتكردن له‌به‌رپرسه‌كانى له‌فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

23/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێك، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هۆشداریدەداتە بەرپرسانی باڵای حزبەکەی، کە لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەکەن.


له‌هه‌واڵێكدا، ده‌زگاى میدیایى شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كییه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، گەشتی دەرەوەی هەرێم لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە لەبەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەدەغەکراوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەشێک لەو بەرپرسانە فڕۆکەخانەکانی دیکەی وەك بەغدا، سلێمانی‌و کەرکووك بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات بەکاردەهێنن.

له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، "سێ لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گەشتی دەرەوەی وڵاتیان هەڵوەشاندووەتەوە بەهۆی ئەوەی دەبوو لەفڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتەکە بکەن".

ئه‌گه‌رچى بەرپرسانی یه‌كێتى ڕه‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ هیچ زانیارییەک له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشکرابکەن، بەڵام ئه‌وه‌ى ئاشكراكراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، بەشێک لەهۆکاری ئەو بڕیارە، پەیوەندیی بەبابەتی ئەمنییەوە هەیە.


#باشووری کوردستان