دهنگوباس:
کامەران عوسمان ئەندامى ڕێکخراوى سی پی تى ئەمریکى چهند زانیارییهك سهبارهت بهژمارهیهك میدیاو دهزگایهكى ئهمنیی لهههرێمى كوردستان ئاشكرادهكات، دهشڵێت:"لهساڵى 2018وه چەند دامەزراوەیەکی دیاریکراوی ئەمنیی، ئیدارییو میدیایی وەکو ئەوەی پێشتر زانیارییان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا هەبێت، بەتەنها چەند خولەکێک لەدوای بۆردومانەکە، ڕاگەیەندراو بڵاودەکەنەوە"، ڕاشیدهگهیهنێت، "قوربانییەکان مەدەنی بن یاخود چەکدار، وەکو چەکدار پێناسهیان دەکەنو تەنانەت هەندێکجار پۆستیش بۆ قوربانییەکان دادەتاشنو وەکو سەرکردەی پەکەکە ناویان دەهێنن".
بهوتهى كامهران، "لەساڵی 2018وه هەر کاتێک بۆردوومانێک لەهەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، چەند دامەزراوەیەکی دیاریکراوی ئەمنیی، ئیدارییو میدیایی وەکو ئەوەی پێشتر زانیارییان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا هەبێت، بەتەنها چەند خولەکێک لەدوای بۆردومانەکە، ڕاگەیەندراو بڵاودەکەنەوەو قوربانییەکان مەدەنی بن یاخود چەکدار، وەکو چەکدار پێناسهیان دەکەنو تەنانەت هەندێکجار پۆستیش بۆ قوربانییەکان دادەتاشنو وەکو سەرکردەی پەکەکە ناویان دەهێنن".
باسى لهوهشكردووه، "لە26ى 7ى 2019دا، دوو هاووڵاتی مەدەنی بەناوەکانی دلۆڤان شاهین پیشەی کارکردن لەپێشانگای ئۆتۆمبێلو عەبدوڵڵا عومەر پیشەی پێشمەرگە، لەسەر ڕێگهی سەرەکی نێوان باتیفا-سەرسنگ لەنزیک گوندی حەسەن پیرکا بەئامانجگیرانو شەهیدبوون".
زیاتر لهوبارهیهوه دهڵێت:"بەتەنها 25 خولەک لەدوای ڕووداوەکە، دەزگایەکی ئەمنیو دوو میدیای دیاری هەرێمی کوردستان، وایان بڵاوکردەوە، هەردوو قوربانییەکە چەکداری پەکەکە بوونو تەنانەت وتیان کە یەکێک لەقوربانییەکان سەرکردەیەکی ئەو حزبە بووە".
ئاماژه بهوتهیهكى دایكى یهكێك لهو شههیدانه دهكاتو دهگێڕێتهوه، "ئەوکاتە دایکی شەهید دلۆڤان وتی:ناسۆری کوشتنی کوڕەکەم لەلایەکو تۆمەتبارکردنیشی بەئەندامی پەکەکە لەلایەکی تر وەک ئەوە وایە، دووجار کوڕەکەمیان کووشتبێت، جارێک بەجەستەیی کوشتیانو جارێکی تریش بەهەڵبەستنی تۆمەتی ئەندامبوون لەپەکەکە بیانوویان بۆ کوشتنەکەی هێناوەتەوە".
ئهوهشى وتووه، "لەڕووداوەکەی ئەمڕۆی سەیدسادقیشدا، لەکاتێکدا هێشتا تەرمی قوربانییەکان لەئۆتۆمبێلی بەئامانجگیراودا نەهێندراونەتە دەرەوەو هەر دەسووتێن، دەزگایەکی ئەمنی دوور لەشوێنی ڕووداوەکە ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوەو نەک بەتەنها کەسانی پێکراو لەڕووداوەکە دەخاتە پاڵ پەکەکە، بەڵکو یەکێکیان بەسەرکردەیەکی پەکەکەو دووانەکەی تریش بەخەڵکانی چەکداری ئەو حزبە پێناسە دەکات".
كامهران عوسمان بۆچوونى وایه، "گریمان هەموویان چەکداری پەکەکە بوونو لەئاشکراکردنی ناسنامەکاندا پێکابیان، ئەی چۆن لەماوەی 45 خولەکدا دەزگایەکی ئەمنی کە سێ کاتژمێرە ڕێگه لەشوێنی ڕووداوەکە دوورە توانیی دیاریبکات کە یەکێک لەکەسە پێکراوەکان، سەرکردەیەکی پەکەکەیە؟!، هەر سێ قوربانییەکەی ئەمڕۆ، کارمەندی دەزگایەکی میدیایین کە مۆڵەتی فەرمی لەوەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر حکومەتی هەرێمو دەزگا ئەمنییەکانی، کارکردن لەم میدیایانە بەقەدەغە دەزانن، بۆچی مۆڵەتی کارکردن بەم میدیایانە دەدەن؟!".
لهبهشێكى دیكهى نووسینهكهیدا كامهران هێما بهوهشدهكات، "بەتەنها لەمساڵدا، پێنج ڕۆژنامەوانی کۆمپانیای چەتری تۆمار لەوەزارەتی ڕۆشنبیریی لەهەرێمی کوردستانو پارێزگای نەینەوا بەئامانجگیراونو سیانیان گیانیان سپاردووەو دوو ڕۆژنامەوانی تریش برینداربوون، لەئێستادا هێرشەکانی تورکیا لەبەئامانجگرتنی گەریلاکانی پەکەکەو دواتریش هاوسۆزەکانیانەوە گەیشتووه بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانانو دوورنییە لەمەودوا هەرکەسێک کە بەوشەیەکیش قسەو هەڵوێست لەسەر ئۆپەراسیۆنو لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەرببڕێت بەئامانجبگیرێت، بەڵام نیگەرانییە گەورەکە ئەوەیە، دەزگا ئەمنییەکانی وڵات بەیاننامەیان ئامادەکرابێتو ڕاستەوخۆ لەدوای ڕووداوەکە، بێ لەبەرچاوگرتنی پاراستنی تایبەتمەندی کەسیو هەستو سۆزی کەسوکار، قوربانییەکان بخەنە پاڵ گرووپە هاوپەیوەندەکانی پەکەکەو بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی خەڵکانی مەدەنی بهێننەوە".
#باشووری کوردستان