رۆژهەڵاتی ناوەراست

له‌15 گه‌رمترین ناوچەكانى جیهان 14یان له‌عێراقن

23/08/2024

ده‌نگوباس:

وێستگه‌یه‌كی زانستیی له‌ئه‌مریكا پۆلێنی بۆ 15 گه‌رمترین ناوچەکانی جیهان له‌ 24 كاتژمێردا كردووه‌و بەگوێره‌ى ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ش، 14یان ناوچەی عێراقین‌و تێكڕای پله‌كانی گه‌رما له‌و ناوچانە له‌ 49 پله‌ی سیلیزی نزیكبوونه‌ته‌وه‌.


له‌پۆڵینبه‌ندیی وێستگه‌ی بلاسیرفێلی كالیفۆرنیای ئه‌مریكا كه‌ ڕیزبه‌ندی بۆ 15 گه‌رمترین ناوچەی جیهان بۆ دوایین 24 كاتژمێر كردووهو تێكڕای پله‌كانی گه‌رما تێیاندا له‌ 49 پله‌ی سیلیزی نزیکبووه‌ته‌وه‌‌و له‌كۆی ئه‌و 15 گه‌رمترین ناوچانەی جیهان، له‌یەکە‌م تاوەکوو چوارده‌م، به‌ر ناوچەکانی عێراق ده‌كه‌وێت‌و 15مین‌و دوا ناوچەش له‌عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌یه‌.

وه‌ك له‌ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا هاتووه‌، شاری ناسرییه‌ی باشووری عێراق گه‌رمترین شاری جیهانه‌و پله‌كانی گه‌رما تێیدا گه‌یشتوونه‌ته‌ 48.4 پله‌ی سیلیزی، دوای ئه‌ویش شاری كه‌ربه‌لایه‌ به‌تۆماركردنی 48.2 پله‌ی سیلیزی دووه‌م پله‌ی گه‌رمترین شاری جیهانیی به‌ركه‌وتووه‌، له‌كاتێكدا شاری هیت له‌ڕۆژئاوای ئه‌و پارێزگایه‌ سێیه‌م به‌رزترین شاری جیهانییه‌و پله‌كانی گه‌رما له‌وشاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 48 پله‌ی سیلیزی.

هه‌رچی پله‌ی چواره‌می گه‌رمترین شاری جیهانییه‌، به‌ تۆماركردنی 47.9 پله‌ی سیلیزی به‌ر شاری سه‌ماوه‌ کەوتووە و دوای ئه‌ویش شاری رومادی له‌ پله‌ی پێنجه‌مدایه‌ و پله‌كانی گه‌رما له‌و شاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 47.7 پله‌ی سیلیزی، هه‌ر بەگوێره‌ى ڕیزبه‌ندیه‌كه‌، پله‌ی شه‌شه‌می گه‌رمترین شاری جیهان به‌تۆماركردنی 47.6 پله‌ی سیلیزی به‌ر شاری نه‌جه‌ف کەوتووەو دوای ئه‌ویش سابیعه‌تولنه‌خیب له‌پله‌ی هه‌شته‌مدایه‌و پله‌كانی گه‌رما له‌وشاره‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 47.5 پله‌ی سیلیزی.

شاری حلله‌ى عێراق به‌تۆماركردنی 47.3 پله‌ی سیلیزی له‌ڕیزبه‌ندی هه‌شته‌می گه‌رمترین شاره‌كانی جیهاندایه‌و دوای ئه‌ویش ناوچه‌ی عه‌زیزییه‌ به‌تۆماركردنی 47.2 پله‌ی سیلیزی، له‌ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا پله‌ی نۆیه‌می به‌رده‌كه‌وێت، هه‌رچی پله‌ی ده‌یه‌مه‌ به‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كه‌وتووه‌و پله‌كانی گه‌رما تێیدا گه‌یشتوونه‌ته‌ نزیك 47.2 پله‌ی سیلیزی، یازده‌مینیش به‌ر شاری عه‌ین ته‌مر کەوتووەو پله‌كانی گه‌رما له‌و ناوچه‌یه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 47.1 پله‌ی سیلیزی.

دوای ئه‌ویش ناوچه‌ی حه‌ی حوسێن له‌پارێزگای به‌سره‌ به‌ تۆماركردنی 47 پله‌ی سیلیزی ڕیزبه‌ندی دوازده‌هه‌مینی به‌ر ده‌كه‌وێت. شاری دیوانییه‌ش وه‌ك سێزده‌مین گه‌رمترین شاری جیهانی ده‌ستنیشان كراوه‌ و پله‌كانی گه‌رما تێیدا گه‌یشتوونه‌ته‌ نزیك 47 پله‌ی سیلیزی، له‌كاتێكدا پله‌ی 14ـه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ به‌ تۆماركردنی 46.8 پله‌ی سیلیزی به‌ر شاری خاڵس ده‌كه‌وێت.

دوایین شاری ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ش كه تاكه‌ شاره‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراق و ناوی له‌‌ پۆلێنبه‌ندیی 15ـه‌مین گه‌رمترین شاری جیهاندا هاتووه‌، شاری عولایه‌ له‌ عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ و پله‌كانی گه‌رما تێدا گه‌یشتوونه‌ته‌ 46.7 پله‌ی سیلیزی.


#عێراق