کوردستان

به‌ره‌ى گه‌ل بۆردوومانه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر سه‌یدسادق به‌هێرشێكى تیرۆریستى وه‌سفده‌كات

23/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌ره‌ى گه‌ل به‌سه‌رۆكایه‌تى لاهور شێخ جه‌نگى په‌یامێكى له‌باره‌ى هێرشه‌ درۆنیه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى توركیا له‌سنوورى سه‌یدسادقه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت:"بەتووندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمڕۆی قەزای سیدسادق ده‌كه‌ین"، ده‌شڵێت:"بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان‌و سەلامەتی‌و سەروەری خاکی عێراق‌و هاوڵاتییەکانی لەئەستۆی دەوڵەتی عێراق‌و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بەرەی گەل نووسیویه‌تى:"بەتووندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمڕۆی قەزای سیدسادق دەکه‌ین کە تێیدا دوو هاونیشتیمانی ڕۆژنامەوان بەناوەکانی (گوڵستان تارا‌و هێرۆ بەهائەدین) کرانە ئامانج‌و تیرۆرکران".

ده‌شڵێت:"بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان‌و سەلامەتی‌و سەروەری خاکی عێراق‌و هاوڵاتییەکانی لەئەستۆی دەوڵەتی عێراق‌و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، بەداخەوە هەردوولایان لەلوتکەی بێباکی‌و بێخەمیدان بەرامبەر ژیان‌و سەلامەتی‌و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئەوەی ڕوودەدات‌و هەر ڕۆژەو درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل‌و بێگوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بەهاوکاریی دەستی ناوخۆییە‌و ئەجێندای سیاسییە، دووبارەبوونەوەی بەردەوامیی ئەو خەرق‌و پێشێلکارییە ئەمنیانە، شکستی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمه‌و وایکردووە هیچ تاکێک هەست بەسەلامەتی‌و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی‌و دابەشبوونە حزبی‌و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندووەو دەبێت ئەو بێباکیی‌و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاووڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت".

بەرەی گەل باسى له‌وه‌شكردووه‌، "لەکاتێکدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان دەگەیه‌نینه‌ کەسوکاری ئەو دوو شەهیدە ڕۆژنامەوانە، بەرپرسیارێتی ژیان‌و سەلامەتی هاووڵاتیانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و عێراق، لای بەرەی گەل ژیان‌و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سوورەو دەبێت ئەو بەئامانجگرتن‌و تیرۆرو تۆقاندنە سنووری بۆ دابنرێت نەک هاوئاوازیی لەگەڵدا بکرێ".


#باشووری کوردستان