کوردستان

یه‌كه‌م سه‌ردانى پارێزگارى كه‌ركووك بۆلاى وه‌سفى عاسى بوو

23/08/2024

ده‌نگوباس:

یه‌كه‌م گه‌ڕى سه‌ردانى ڕێبوار ته‌ها پارێزگارى كه‌ركووك بۆ ماڵى وه‌سفى عاسى بوو، ئه‌و شێخه‌ عه‌ره‌به‌ى وتى:"له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ڕێككه‌وتووین كه‌ نه‌ ئاڵاى كوردستان له‌كه‌ركووك هه‌ڵبكرێت‌و نه‌ پێشمه‌رگه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ شاره‌كه‌".



له‌گه‌رمایه‌كى به‌هێزى ئه‌مڕۆ هه‌یینیدا، پارێزگارى كه‌ركووك چووه‌ لاى هۆزى عوبه‌یدو له‌دیوه‌خانه‌كه‌ى شێخ وه‌سفى عاسیه‌وه‌و به‌ئاماده‌بوونى زۆرێك له‌شێخه‌كانى دیكه‌ى ئه‌و هۆزه‌، جه‌ختى له‌گه‌رموگوڕى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان یه‌كێتى‌و هۆزى عوبه‌یدى سووننه‌كان كرده‌وه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕێبوار ته‌ها پرسێكى گرنگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هۆزه‌كه‌و كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانى دیكه‌یدا تاووتوێكردووه‌، ئه‌ویش پرسى گەڕانەوەی ئاوارەکان‌و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان ئه‌و ناوچانه‌ى پێشتر داعش زیانى زۆرى پێگه‌یاندوون باسكردووه‌.



ڕێبوار ته‌ها به‌عه‌ره‌به‌كانى هۆزى عوبه‌یدى وتووه‌، "ئه‌وله‌ویه‌تى كارى هاوبه‌شیى‌و پێكه‌وه‌ییمان، زیاتر په‌ره‌پێدانى هاوبه‌شى‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌كه‌ركووك، ئه‌گه‌ر له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووبووین، ئه‌وا ده‌ستپێكى باشمان ده‌بێت بۆ گه‌یشتن به‌پێشكه‌وتنى ئابووریى‌و پیشه‌سازیى‌و بونیادنانه‌وه‌ى كه‌ركووك".



وه‌سفى عاسى كێیه‌؟
شێخ وه‌سفى عاسى سه‌رۆكى هۆزى عوبه‌یدو په‌رله‌مانتارى عێراقه‌ له‌سه‌ر شارى كه‌ركوك، ئه‌وان به‌شێكن له‌به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى 10ى ئه‌م مانگه‌ى به‌غدا كه‌ پارێزگارو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى تێدا هه‌ڵبژێردرا.

دواى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ش وه‌سفى عاسى له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ئاشكرایكرد:

ـ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ڕێكه‌وتووین، كه‌ به‌هیچ جۆرێك ئاڵاى كوردستان له‌كه‌ركووك هه‌ڵنه‌كرێت‌و ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ش نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌.

ـ با خەڵكى كه‌ركووك دڵنیا بێ، ئەگەر ئێمە بۆ ساتێكیش هەستمانكرد، كە یەكێتی هەمان بیروبۆچوونی پێشووی پەیڕەو بكات، یەك هەنگاو لەگەڵیدا ناڕۆین.

ـ یه‌كێتی ئیمزایان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی ئێمه‌ كردووه‌، ته‌نانه‌ت شاری كه‌ركوك به‌شارێكی كوردستانی نازانن‌و ڕێگه‌ش نه‌ده‌ن یه‌ك ئاڵای كوردستان له‌كه‌ركوك به‌رزبكرێته‌وه‌.

ـ ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ش ناده‌ن یه‌ك پێشمه‌رگه‌و ئاسایش بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك، دڵنیابن یه‌كێتی هاوشانی ئێمه‌ خه‌مخۆری عێراقه‌.

ـ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەبەرامبەر ئەو هەموو پۆستەی ئێمە وەرمانگرتوون، هیچ بایەخێكى نییە.


#کەرکووک