رۆژهەڵاتی ناوەراست

شینا ده‌بێته‌ یاریده‌ده‌رى پزیشكیان

23/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى میدیاى فه‌رمیى ئێران، مه‌سعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، شینا ئەنساری وەک یاریدەرو سەرۆکی نوێى ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەستنیشانکرد.


ئاژانسی هەواڵی مهرى ئێرانی، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سەرۆک کۆماری ئێران مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دەستبەکاربوونی شینا ئەنساری وەکو یاریدەری خۆیی‌و سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران دەرکردووە.

له‌هه‌واڵه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، پزیشکیان بڕیاری دەستبەکاربوونی ئەنساری بەگوێرەی مادەی 124ی دەستوری ئێران لەژێر ڕۆشنایی لێهاتوویی، شایستەیی‌و ئەزموونی کارگێڕی ئەنساریی دەرکردووە.

دواى بڕیاره‌كه‌شى، مەسعود پزیشکیان له‌په‌یامێكدا هیوای خواستووه‌ ئەنساری هەموو هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ بۆ گەیشتنی حکومەتی نوێ بەئامانجەکانی‌و هاوکات چارەسەری کیشەکانی وڵاتەکەی بکات.

شینا ئەنساری كێیه‌؟
شینا ساڵى 1973 لەتارانى پایته‌ختى ئێران لەدایکبووە، دکتۆرای لەبواری بەڕێوەبردن‌و پاراستنی ژینگەدا هەیەو له‌ساڵى 2005وه‌ بەرپرسی بەشی ژینگەی تاران‌و له‌2010شه‌وه‌ جێگری بەڕێوەبەری تەکنیکی بەشی ژینگەی پارێزگای ئەلبورزه‌، هاوكات له‌ساڵى 2013شدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێریی‌و پاراستنی ژینگەی ئێران بووە، خاوه‌نى چه‌ندین کتێبی تایبه‌ته‌ لەبواری ژینگەدا، ڕۆژى 22ی ئه‌م مانگه‌ش، لەلایەن پزیشکیان وەک سەرۆکی نوێى ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دیاریکرا.

به‌گوێره‌ى میدیاى ئێرانى، شینا ئەنساری دوای فەرزانە سادق دەبێتە دووەم ژن لەکابینەکەی پزیشکیان كه‌ پۆستی باڵای هەبێت.


#ئێران