دهنگوباس:
عێراق بڕیاریداوه یەدەگی نەوتەکەی لە 145 ملیار بەرمیلهوه بۆ 160 ملیار بەرمیل بەرزبکاتەوە، هاوکات کاردەکات تاوەکو ساڵی 2027 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرز بکاتەوەو بگاتە خۆبژێویی لەگازی سرووشتیدا.
سهربارى ئهوهى لەمساڵانەی دواییدا هاتنی کۆمپانیا چینییەکان بۆ نێو کەرتی نەوتی عێراق زیادیکردووە، عێراق خوازیارە نەخشەی کەرتی نەوتی وڵاتەکەی لەکۆمپانیا بیانییەکان هەمەچەشن بکات، بەڵام خراپی ژێرخانی کەرتی نەوتو گاز، لاوازی چالاکی توێژینەوەو گەڕان بەدوای یەدەگی نەوتدا، هەڕەشە لەو ئامانجەی عێراق دەکات.
دوایین ئامارەکان دەریدەخەن، لەمانگی تەممووزی ئهمساڵدا، بەرهەمهێنانی نەوت بۆ چوار ملیۆنو 250 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لەحوزەیرانی ئەمساڵ تەنها چوار ملیۆنو 190 هەزار بەرمیل نەوت بووە لەڕۆژێکدا.
کۆمپانیای وود ماکنزیی ئەمریکی پێشبینیكردووه، تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەعێراق دوو هێندە بەرزبێتەوەو بگاتە 4.4 ملیار پێ سێجا لەڕۆژێکدا، بەرهەمهێنانی نەوتیش بگاتە پێنج ملیۆنو 500 هەزار بەرمیل، ئەمەش کەمترە لەئامانجی ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنان لەکەرتی نەوتو گازدا.
ئامارەکان ئاماژه بهوهدهكهن، ئەگەرچی بوونی یەدەگێکی بێ شومار لەنەوتو گاز لەعێراق کە بووەتە جێی سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان، بەڵام لەئێستادا بەشێک لەکۆمپانیاکان بیر لەجێهێشنی عێراق دەکەنەوە ئەمەش بەهۆی کەمی قازانج لەبەرهەمهێنانی نەوتدا.
کۆمپانیای ود ماکنزی ڕوونیکردووەتەوە، پرسی دارایی لەکەرتی نەوتو گازدا، ئاستەنگێکی مێژوویی بووە بۆ زۆرێک لەکۆمپانیاکان، تەنانەت بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە لەلایەن حکوومەتەکانیانەوە پشتگیریی دەکرێن، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی لەچالاکییەکانی توێژینەوەو گەڕان بەدوای نەوتو گازدا.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئامانجی بەرهەمهێنانی نەوت، پێویستە بەسەر بەربەستەکان زاڵ بێت، بەتایبەتی چارەکردنی لاوازیی ژێرخان، لەوانە بۆری گواستنەوەی نەوتی خاوو تێرمیناڵەکانی هەناردەکردنو هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان.
لە مانگی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق گەڕی پێنجەمی تەواوکاریو شەشەمی مۆڵەتدانی دەستپێکرد، کە تێیدا مۆڵەتی بەرهەمهێنانی لە 29 کێڵگەی نەوتو گاز دایە کۆمپانیاکان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆربەی وەبەرهێنانەکان ئاراستەی ئەو سەرچاوە نەوتیو گازیانەن کە پێشتر دۆزرانەتەوە.
#عێراق