کوردستان

حزبى سیاده‌.. ئه‌و لایه‌نه‌ى هه‌م فێڵى له‌بارزانى و هه‌میش له‌خه‌نجه‌ر كرد

22/08/2024

ده‌نگوباس:

حزبى سیاده‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى خه‌میس خه‌نجه‌ر یه‌كێكه‌ له‌لایه‌نه‌ دیاره‌كانى ناو پێكهاته‌ى سووننه‌ى عێراق‌و به‌رده‌وام كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌هاوینه‌هه‌وارى پیرمام له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌10ى ئه‌م مانگه‌وه‌ باڵێك له‌و حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌ په‌یوه‌ندیی به‌یه‌كێتیه‌وه‌ كردو چیتر بڕیاریدا نه‌چێته‌ پیرمام.


ئه‌مڕۆ بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەپیرمام، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، لەگەڵ وه‌فدێكى باڵاى حزبی سیادە بەسەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کۆبووەته‌وه‌.

باس له‌وه‌شكراوه‌، لەو دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی‌و دوا پەرەسەندن‌و هاوکێشەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق‌و هەروەها بارودۆخی پارێزگای کەرکووک ئاڵوگۆڕکراوه‌.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بارزانى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گله‌یی‌و ڕه‌خنه‌ى له‌خه‌نجه‌ر گرتووه‌ سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندیكردنى ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى ئه‌و حزبه‌ به‌هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى یه‌كێتى‌و ڕه‌ییان كلدانییه‌وه‌و به‌توڕه‌ییه‌وه‌ پێى وتوون، "نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌ى ڕوویدا، ڕووبدات".

بارزانى پێیوابووه‌، به‌شێك له‌حزبى سیاده‌، هه‌م فێڵیان له‌ئه‌و كردووه‌و هه‌میش له‌خوودى خه‌میس خه‌نجه‌ر، په‌یوه‌ندییكردنى به‌شێكیش له‌سیاده‌ به‌هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى یه‌كێتى‌و بابلیونه‌وه‌، ڕاستى ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌سه‌لمێنێت.

هه‌روه‌ك له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا باسى ئه‌وه‌شكراوه‌، كه‌ ده‌بێت پارتى‌و خه‌میس خه‌نجه‌رو به‌شێك له‌توركمانه‌كان، بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو چى بكه‌ن‌و چى بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بده‌ن.

ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست ده‌نگوباس كه‌وتوون، باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بارزانى به‌خه‌نجه‌رى وتووه‌، به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ناكه‌ین.


#باشووری کوردستان