کوردستان

توركیا له‌ناوچه‌یه‌كى هه‌رێم كۆى به‌رهه‌مى ساڵێكى جوتیارانى سووتاند

22/08/2024

ده‌نگوباس:

ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەکۆمەڵگەی بریفکا لەسنووری کانی ماسێ 3500 دۆنم زەوی سووتاند، سەرۆکی شارەوانیی کۆمەڵگەکەش هۆکارەکەی بۆ "تەقینەوەیەکی سوپای تورکیا" دەگەڕێنێتەوە، جووتیارانی زیانلێکەوتووی کۆمەڵگەکەش داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن.

 
رووداوەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو روویداوە، نەجمەدین تەمەر، جووتیارێکی کۆمەڵگەی بریفکا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "تەقینەوەیەک روویداو ئاگرکەوتەوە، پێموایە تۆپ بوو، پەیوەندیمان بەتیمی ئاگرکوژێنەوە کردو تاوەکو گەیشتن ئاگرەکە لەکۆنتڕۆڵ دەرچوو".

بێوار حاجی قادر سەرۆکی شارەوانیی بریفکا باس له‌وه‌ده‌كات، "هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە سوپای تورکیا بووە، دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە نازانین تۆپ بووە یان تی ئێن تی بوو".
 
لەرووداوەکە بەرهەمەکانی میوەی ترێ، 30 پوورەی هەنگ، سێو، هەنجیر، 10 هەزار جۆرەکانی دار و نزیکەی چوار هەزار دۆنم زەوی سووتاون کە بەرهەمی نزیکەی 50 خێزان لەسەر ئەو بەرهەمانەیە.
 
موختاری کۆمەڵگەی بریفکا پشتڕاستیدەکاتەوە کە هۆکاری رووداوەکە "تەقینەوە" بووە، هەوار بریفکی وتوویه‌تى:"بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران سووتا، لیژنەیەکی ناحیەی کانی ماسێ بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنراوەو داوادەکەین قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێنەوە".

رووداوەکە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ روویداوە. ساڵح حەمدی، بەڕێوەبەری ناحیەکە رەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەمبارەوە بدات.
 
کۆمەڵگەی بریفکا بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە، کاتی رووداوەکە تیم لەبنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی کانی ماسێ-وە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
کۆمەڵگەی بریفکا، 20 کیلۆمەتر لەناحیەی کانی ماسێ دوورەو کەوتووەتە سنووری قەزای ئامێدی.

450 ماڵ لەکۆمەڵگەی بریفکا نیشتەجێن، یەکێکە لەو ناوچانەی کەوتووەتە سەر هێڵی پێکدادانی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیا، نزیکەی 30 کیلۆمەتر لەسنووری تورکیا دوورە. موختاری کۆمەڵگەکە، دەڵێت: "بەردەوام دەنگی تۆپ، هێلیکۆپتەر و فڕۆکە دێ، کەس ناتوانێ بەئازادی لەسنووری کۆمەڵگەکەمان هاتووچۆ بکات".


#باشووری کوردستان