کوردستان

لەکۆلێژی سەربازیی ڕۆستەمییە 80 کورسیی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆچوون

22/08/2024

ده‌نگوباس:

لەکۆلێژی سەربازیی ڕۆستەمییە 150 کورسی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراون، دوای ڕاگەیاندنی ناوی وەرگیراوان، دەرکەوت کە تەنها 71 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لەکۆلێژەکە ناویان گەڕاوەتەوە، لەوانە تەنها دوو خوێندکاریان لەسنووری پارێزگای هەولێرن.

 
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی بەرگریی عێراق لیستیی ناوی خوێندکارانی وەرگیراوی خولی 114ی کۆلێژی سەربازیی رۆستەمییەی بڵاوکردەوە، داوا لەوەرگیراون دەکات، ڕۆژی 28ى ئه‌م مانگه‌ پەیوەندیی بەکۆلێژی سەربازییەوە بکەن.
 
لیستی ناوەکان لەم لینکە ببینە:
 
بەگوێرەی لیستەکە، تەنها 71 کەس لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان وەرگیراون، 65 لەدهۆک، چوار لەسلێمانی‌و دوو لەهەولێر.
 
سەگڤان یوسف جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"لەخولی 114ی کۆلێژی سەربازی ڕۆستەمییە هەزارو 500 کورسی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەرخانکراون، کە 150 کورسییان بۆ هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی‌و دهۆک بوو، کەچی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تەنها 71 خوێندکاری هەرێمی کوردستان وەرگیراون".
 
هۆکاری کەم وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خوێندنکارێکی کەم لەهەرێمی کوردستان داواکارییان پێشکه‌شکردووەو جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "نزیکەی 130 بۆ 140 کەس داوایان پێشکه‌شکردبوو، لەوانە لەدهۆک نزیکەی 120 کەس، کە 65 یان لەتاقیکردنەوەی توانای جەستەیی دەرچوون‌و وەرگیراون، لەسلێمانی 4 کەس‌و لەهەولێریش پێنج کەس، به‌ڵام تەنها دووانیان لەتاقیکردنەوەی توانای جەستەیی دەرچوونەو وەرگیراون".
 
بەوتەی سەگڤان یوسف، نزیکەی 80 کورسی هەرێمی کوردستان لەو خولە بەفیڕۆچووە، لەکاتێکدا دەبووایە خەڵکێکی زۆر داواکارییان پێشکه‌ش بکردایە، لانیکەم 500 کەس داواکاری پێشکه‌ش بکەن، بۆ ئەوەی 150 کەس لەتاقیکردنەوەی توانای جەستەیی دەربچن‌و وەک پشکی ئەو سێ پارێزگایە وەربگیرابان.
 
جگە لە هەولێر، سلێمانی‌و دهۆک لەسەر پشکی پارێزگاکانی نەینەواو کەرکووک‌و بەغدا، کورد لەو خولە وەرگیراون، کۆلێژی سەربازیی ڕۆستەمییە لەبەغدایەو سەر بەوەزارەتی بەرگریی عێراقە.


#باشووری کوردستان