رۆژهەڵاتی ناوەراست

سه‌ربارى مه‌شقكردن به‌سوپاى عێراق توركیا ناوه‌ندێكى ئه‌منیى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كاته‌وه‌

22/08/2024

ده‌نگوباس:

سوپای تورکیا لەبنکەی سەربازیی باشیک له‌ناو خاكى عێراق، مەشق‌و ڕاهێنانی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەسوپای عێراق دەکات.


سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایانکردووە، دوای ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی نێوان تورکیاو عێراق، سوپای تورکیا لەبنکەی سەربازی باشیک، مەشق‌و ڕاهێنانی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەسوپای عێراق دەکات.

 جەخت لەوەشکراوەتەوە، ئامانجی ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراق، بەلاوەنانی تەواوی هەڕەشەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان یان ریکخراوە قەدەغەکراوەکانە بەسەر سەروەریی و ئاسایشی هەردوو وڵات.

 سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکراکرد، ناوەندی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لەبەغدا پێکدەهێندرێت‌و لەلایەن دوو ئەفسەری باڵای سەربازیی عێراقی‌و تورکیه‌وه‌ بەڕێوەدەبردرێت.

ڕۆژی 14ـی ئابی 2024  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتیی لێژنەی باڵای ئەمنیی گەیشتە ئەنقەرە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات.

ڕۆژی 15ـی ئابی 2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گوتی: زۆر خۆشحاڵم دوای دانوستان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی ئەمنیی تورکیا گەیشتنین بە ڕێککەوتن کە لە بنکەی سەربازیی باشیک، سوپای تورکیا مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە سوپای عێراق بکات.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست